پرۆژەی ڕوونـــاکی فــــراوانتر دەبێت

لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی، وەزارەتی کارەبا هەڵدەستێت بە دابینکردنی کارەبای نیشتیمانیی 24 کاتژمێری بۆ دوازدە گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر و دوو گەڕەکی شاری سلێمانی. گەڕەکەکانی هەولێر بریتین لە (شۆڕش، کانی، نووسەران، کوێستان، کۆماری، ڕووناکی، پزیشکان، مەنتکاوە، ئازار، زانکۆ، حەمرین و شارەوانی) و گەڕەکەکانی سلێمانیش بریتین لە (هەواری تازە و بەشێکی تووی مەلیک).

ئەمەش دوای ئەوە دێت کۆمەڵێک گەڕەکی دیکەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک سوومەندبوون لە پرۆژەی ڕووناکی و کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کرا و بەمزووانەش دەگاتە پارێزگای هەڵەبجە.
پرۆژەی ڕووناکی بەردەوامە لە فراوانبوون و تا ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 600 هەزار هاووڵاتی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و نزیکەی 750 مۆلیدەی تایبەت وەستێنراون، لە 43 گەڕەکی جیاواز لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کە یەکسانە بە 126 هەزار ئۆتۆمبێل لەڕووی دەردانی گازی ژەهراوییەوە.
بۆ زانیاری زیاتر، هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاریی پرۆژەی ڕووناکی، لە ڕێگەی ژمارە 1992 لەکاتی هەبوونی هەر پرسیارێک. سەنتەرەکە لەکاتژمێر 9ی بەیانی تاوەکوو 9ی شەو بەردەستە.