لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٩٥٠ هەزار کەس دەنگ دەدەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٩٥٠ ھەزار کەس مافی دەنگدانیان ھەیە، ٦٦ حزبی نوێ داواکاریان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن پێشکەشی کۆمیسیۆن کردووە. گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: جگە لەو حزبە نوێیانە ٣٣٠ پارت لە کۆمیسیۆن تۆمار کراون و بەشداری لە ھەڵبژاردن دەکەن.

ئامادەکارییەکان بەردەوامن

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ھەر ھەڵبژاردنێک لە عێراق ژمارەیەک حزبی نوێ بە کۆمەڵێک بەڵێنی نوێوە لە دایک دەبن، بەڵام ئەزموونی حوکمڕانی ساڵانی ڕابردوو ئەو بۆچوونەی لای ھاووڵاتییانی عێراق دروست کردووە کە ھەڵبژاردن ھیچ لە دۆخی ئەوان ناگۆڕێت. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پێنج خولی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کراون، بڕیارە ڕۆژی ١١ی مانگی ١١ی ئەمساڵ خولی شەشەمی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامن و تا ئێستا ٣٣٠ حزب و پارتی سیاسی ناویان لە کۆمیسیۆن تۆمار کراوە و ٦٦ حزبی نوێ داواکاریان پێشکەش بە کۆمیسیۆن کردووە بۆ بەشداری کردن لە ھەڵبژاردن، بەڵام تا ئێستا کۆمیسیۆن وەڵامی داواکاریەکەیان نەداوەتەوە. عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن، ڕاگەیاند، ئامادەکاری کۆمیسیۆن بۆ ھەڵبژاردن بەردەوامە، سەبارەت بە یاسای ھەڵبژاردن ئەوەی کۆمیسیۆن تا ئێستا کاری پێ دەکات یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ـەیە.

یەک لیستی بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو تاوتوێ کرا
ڕۆژ یەک شەممە، شاندێکی ھەڵبژاردنی پارتی بە سەرۆکایەتی جەعفەر ئیمنیکی، سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرد و لەلایەن ڕزگار حاجی حەمە، بەرپرسی مەکتەبی ھەڵبژاردنی یەکێتی پێشوازی لێکرا، لە دیدارەکەدا گفتوگۆی تەکنیکی کرا ئاخۆ چەندە گونجاوە پارتی و یەکێتی بە یەک لیست بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەمجارە پارتی و یەکێتی دەیانەوێت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستبێنن و ھیچ کورسیەک بەفیرۆ نەدرێت، چونکە بەگوێرەی یاسا ھەر کاندیدێک ڕێژەی دەنگەکانی خۆی دەبات، واتە دەنگ بۆ حزبەکە کۆناکرێتەوە، بۆیە لەڕووی تەکنیکیەوە ئەگەر کاندیدی زۆر لەلایەن حزبە کوردیەکانەوە پێشکەش بکرێت ڕەنگە کاندیدی پێکھاتەیەکی دیکە بتوانێت کورسییەکە بباتەوە.

تۆمارکردنی پارت و ھاوپەیمانێتییەکان درێژکرایەوە
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا تۆمارکردنی پارت، ھاوپەیمانێتی و لیستە سەربەخۆکان تاوەکو کۆتایی دەوامی ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە درێژ بکرێتەوە، کە کۆمیسیۆن لە ١٥ی نیسانەوە دەرگای تۆمارکردنی پارت، ھاوپەیمانێتی و لیستە سەربەخۆکانی کردبووەوە.

تەنیا پێنج ھاوپەیمانیی نوێ تۆمارکراون
گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆن، ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئێستا پێنج ھاوپەیمانیی نوێ تۆمارکراون، ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕابردوودا زیاتر لە ٦٠ ھاوپەیمانی تۆمارکرابوون و ئەگەر دەیانەوێت بەشداری ھەڵبژاردن بکەن، دەبێت سەردانی کۆمیسیۆن بکەن و داتا و زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە.

ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەشڵێ: ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستە ھەموو ئامادەکارییەک کراوە و تۆماری دەنگدەرانیش تازە دەکرێتەوە، دەرگای تۆمارکردنیش کراوەتەوە، خشتە دابەشکراوە تا ئەو ڕۆژەی کە ھەڵبژاردن دەکرێت و ھیچ کێشەیەک نییە و ھەماھەنگی لە نێوان دامودەزگان بەردەوامە بۆ تازەکردنەوەی زانیاری تۆماری دەنگدەران، بۆیە لەو بڕوایەداین کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کاتی خۆیدا دەکرێت و ھیچ کێشەیەک دروست نابێت.

لە دھۆک ٧٦٠ ھەزار دەنگدەر خۆیان تۆمار کردووە
ھۆگر جاسم، یاریدەدەری بەرپرسی ئۆفیسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پرۆسەی تۆماری ناوی دەنگدەران لە سنووری پارێزگای دھۆک بەردەوامە، کاری باشمان لەسەر ئەو دەنگدەرانە کردووە تازە تەمەنیان گەیشتۆتە ١٨ساڵ و لە دایکبووی ٢٠٠٧ن، ٧٦٥ کەس تۆمار کراون، ئەوانەی خۆشیان تۆمار نەکردووە، بەردەوام ڕۆژانە سەردانمان دەکەن، تەنانەت لە ڕۆژانی پشووش بنکەکانمان کراوەن کە ٤١ بنکە دەبن، ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەی دەنگدارانی ئێمە لە سنووری پارێزگای دھۆک زیاتر لە ٩٤٤ ھەزار دەنگدەر دەبێت، تا ئێستا زیاتر لە ٧٦٠ ھەزار دەنگدەر خۆی تۆمار کردووە، ڕێژەکە دەگاتە ٨٠% و پرۆسەکەش تا ٢٣ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لەو دەنگدەرانەی تا ئێستا نەھاتوون دەکەین، بێن خۆیان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی لە مافی دەنگدان بێبەش نەبن.

کێشەی ئەوانەی پەنجەمۆریان نەدەخوێندرایەوە چارەکرا

ھۆگر جاسم، یاریدەدەری بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک، باسی لەوەش کرد: خەڵک ھاندەدرێت و تیمی گەڕۆک سەردانی خەڵک و قوتابخانەکان دەکەن، بۆیە پرۆسەکە زۆر باش بەڕێوەدەچێت، ئەوانەی لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو پەنجەمۆریان نەدەخوێندرایەوە لە ھەر وێستگەیەک ٢٣ کەس بۆی ھەبوو دەنگ بدەن، ئێستا ھەمووان تۆمار دەکرێن، ئەوەی پەنجەمۆری ناخوێندرێتەوە لەڕێگەی ڤیدیۆ تۆمار دەکرێن، بۆیە ئەو کێشەیە بە تەواوی چارەسەر کراوە.

لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٩٥٠ ھەزار کەس دەنگ دەدەن
نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاشکرای کرد: لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٩٥٠ ھەزار دەنگدەر ھەن، بەڵام تا ئێستا نزیکەی سێ ملیۆن کەس بایۆمەتری کردووە و دەتوانن لە ڕۆژی ھەڵبژاردن دەنگ بدەن، ئەو ماوەی کە دیاری کرا بوو کە نزیکەی مانگێک و دە ڕۆژە ٦٥ ھەزار کەس سەردانی بنکەکانیان کردووە و خۆیان بۆ ھەڵبژاردن تۆمار کردووە، ئەوانە ھەندێک کەسن کە لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٧ـن و بۆ یەکەمجارە بەشداری لە ھەڵبژاردن دەکەن، ڕێژەکەش زۆر کەمە بۆیە داوا لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەین سەردانی بنکەکان بکەن بۆ ئەوەی کارتی بایۆمەتری دەربھێنن، چونکە ھەر کەسێک ئەگەر کارتی بایۆمەتری نەبێت ناتوانێت بەشداری لە ھەڵبژاردن بکات.