ڕائیب جادر – هەولێر
لە سنووری چەند گوندێکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ھێرشی کوللە بۆ سەر بەروبوومی جووتیاران دەستی پێکرد، بەگوتەی جووتیاران، ھیچ کاتێک وەکو ئەمساڵ کوللە زۆر نەبووە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ئەمساڵ بەفر و باران کەم بوون. حکوومەتی ھەرێم دەرمانی قەڵاچۆکردنی کوللەی بەسەر جووتیاراندا دابەشکردووە، بەڵام زۆری ڕێژەی کولـلە وایکردووە کە ئەو ڕێکارە کاریگەری ئەوتۆی نەبێت.
چەندین ساڵە ئەو شەپۆلەی کوللە گوند و ئاواییەکانی ئیدارەی سۆرانی گرتووەتەوە، جگە لە زیانەکانی بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵی، زۆری کوللە ھاووڵاتییانی ھەراسان کردووە. جووتیاران دەڵێن، ھەموو ساڵێک کوللە ھەیە، بەڵام ھیچ کاتێک وەکو ئەمساڵ زۆر نەبووە، ھۆکارەکەش بۆ کەمی باران و بەفر دەگەڕێتەوە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین دەرمانی قرکەرمان بداتێ بۆ لەناو بردنی کوللە، ئەگەرنا ئەوەی بەروبوومی کشتوکاڵییە ناھێڵێت و تەنیا ماندووبوونەکەمان بۆ دەمێنێتەوە.
ئەو جۆرە کوللەیە کە کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ و دەرامەت و ڕەز و باخی جووتیاران دروست کردووە، تەنیا تەمەنی دوو مانگە، بەڵام زیانەکانی زۆرن، ئەو جۆرە کولـلەیە لە ڕێی ڕشاندن بە دەرمانی کیمیایی لەناو دەچێت، بەڵام دەبێت سەرتاپای ئەو ناوچەیە بە دەشت و چیاوە بڕشێنرێت، چونکە ئەو جۆرە کولـلەیە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەڕوات.
ئێستا کاتی داچاندنی بەروبوومی ھاوینەیە و جووتیارانیش لەبەر زۆربوونی کوللە ناتوانن بەروبوومەکانیان دابچێنن ساڵ بە ساڵ کوللە زیاتر دەبێت، ئەوەش پێویستی بە دەرمانی زیاترە، بەرپرسانی کشتوکاڵیش لە ناوچەکە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ساڵانی ڕابردوو تەنیا لە چەند ناوچەیەک کوللە ھەبوو، بە دابینکردن و لێدانی دەرمان ھەموو لەناو دەچوون، بەڵام ئەمساڵ لە ھەموو ناوچەکان بڵاوبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەش ڕێژەکە ئەوەندە زۆر بووە بە دەرمانی قڕکەر لەناو ناچێت، ھەر چەندە ئەو دەرمانەی کە ھەبووە داومانەتە جووتیاران.
داوا دەکرێت وەزارەتی کشتوکاڵ ھەرچی زووە ھەڵمەتی ڕەشاندن بۆ قەڵاچۆکردنی کوللە و ڕێگری کردن لە زیانەکانی بگرێتەبەر، کوللە حەشەراتێکی زیان بەخشە بۆ بەرھەمە کشتوکاڵییەکان.