شیڤان شێرزاد – هەولێر
وەک دەستپێشخەرییەک بۆ پاڵپشتی لە قوتابیانی خوێندنی باڵا و پەره پێدان بە تواناکانی گەنجان، یەکەمین کۆڕبەندی زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان بە ئامادەبوونی هەریەک لە “د. نەوزاد یەحیا باجگر” سەرۆکی دەستەی ئەمیندارێتی زانکۆکە و “د. بەشیر حەداد” جێگری سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکی کۆڕبەندەکە زنجیرەیەک وتاری تایبەت لە بارەی گرنگی پڕۆژەکە خوێندرایەوە و تیایدا ئاماژە بۆ ئەو هەوڵانە درا، کە زانکۆی جیهان بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان داویەتی بۆ پێشخستنی زانست و پێگەیاندنی نەوەیەکی زانستخواز و سوود وەرگرتن لەو توانایانەی، کە بەهۆی کەمدەرامەتیەوە نەیانتوانیووە هەنگاو بنێن بۆ داهێنان لە بوارەکانی پزیشکی و پەروەردەیی و ئەندازیاری، بۆیە وەک یەکەم هەنگاو لە پشتیوانی کردنی ئەو توانایانەی گەنجان و قوتابیانی کوردستان، یەکەمین دەزگای زەکاتی زانست لەو زانکۆیەدا کرایەوە.
“د. نەوزاد یەحیا باجگر” خاوەنی بیرۆکەی دەزگایە مرۆیی و زانستیه ڕایگەیاند، کە پڕۆژەکە بوار بۆ ئەو قوتابیانە دەڕەخسێنێت، کە بتوانن بە ویستی خۆیان و بەپێی ئارەزووەکانی خۆیان لە بەشەکانی ئەندازیاری و پزیشکی و گشت بوارەکانی دیکەدا بخوێنن و لە داهاتوودا خزمەت بە هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە ١٣ ناوەندی تایبەتی خوێندنمان لە بوارە جیاجیاکاندا کردووەتەوە، لەوانەش ناوەندی خوێندنی ئایینی و کۆمەڵایەتی و هونەری و پزیشکی و دەرمانسازیی و ئەندازیاری، کە ئەمەش دەرفەتێکە ئەمڕۆ بۆ قوتابیان ڕەخسێندراوە و دەتوانرێت سوود لەو دەرفەتە زانستیە وەربگیرێت، هەروەها قوتابیان دەتوانن لە ڕێگەی پڕۆژەی زەکاتی زانستەوە، دەرگا داخراوەکان بکەنەوە و ببن بە خاوەن بڕوانامەی باڵا و لە داهاتووشدا خزمەت بە گشت سێکتەرەکانی ژیان بکەن لە هەرێمی کوردستان.