ڕۆژی دووشەممە ٥ـی ٥ـی ٢٠٢٥ د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، پێشوازیکرد لە دەستەی بەڕێوەبردنی کتێبخانەی (کارێز)ـی شاری کەرکووک.
لە دیدارەکەدا، برەودانی زیاتر بە بواری ڕۆشنبیری و کەلتوور و فەرهەنگ و پاراستنی مێژوو و ناسنامەی کەرکووک وتوێژیان لەبارەوە کرا.
د.سالار عوسمان ئامادەیی و پشتیوانیی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنیی بۆ هەر هەنگاوێک دووپات کردەوە کە ببێتە هۆی بەرەوپێشچوونی زیاتری کتێبخانەی کارێز و ڕایگەیاند، خزمەتکردنی کەرکووک ئەرکی هەموومانە و پێویستە لە هەموو ڕوویەکەوە بە تایبەت لە بواری کەلتوور و فەرهەنگ و بوارەکانی ڕۆشنبیری و ئەدەب و هونەر گرنگی تایبەت بە کەرکووک بدرێت.
دواتر، ستافی بەڕێوەبردنی کتێبخانەی کارێز، پێزانینی خۆیان بۆ بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک دووپاتکردەوە، لەپای هەنگاوی بەردەوام و پشتیوانی و هەوڵەکانی بۆ پێشخستن و برەودان زیاتر بە کتێبخانەی کارێز.