ڕائیب جادر – هەولێر
چەند ڕۆژێکی دیکە وەرزی کۆکردنەوەی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکات. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دھۆک، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە دھۆک ٤٨ ھەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە داچێنراوە، تەنیا ئەمساڵ بەرھەمی پەتاتەی پارێزگای دھۆک ٦٠٠ ھەزار تۆن دەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە ھەموو ھەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە ١٠٠ ھەزار تۆن پەتاتە ھەیە. دەشڵێ: پەتاتەی کوردستان ڕەوانەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت ھەتا ڕەوانەی وڵاتانی جیھان دەکرێت، ساڵی ڕابردوو پێنج ھەزار تۆن ڕەوانەی ئیمارات، قەتەر و ئوردن کراوە، بۆ ئەمساڵیش زیاتر لە ساڵی ڕابردوو ڕەوانەی ئەو وڵاتانە دەکرێت.
پەتاتە بەھۆی بەھا خۆراکییەکەی بە یەکێک لە ناسراوترین بەرھەمی کشتوکاڵی دادەنرێت، کە زۆربەی وڵاتان گرنگی بە چاندن و بەرھەمھێنانی دەدەن، بەم ھۆیەوە پەتاتە لەڕووی چاندن و بەرھەمەوە، لە دوای گەنم، برنج و گەنمەشامی بە پلەی چوارەم دێت.
نیشتمانی ڕەسەنی پەتاتە ئەمریکای باشوورە، بەڵام ئێستا بە ھەموو جیھاندا بڵاوبووەتەوە، چاندن و بەرھەمھێنانی پەتاتە بەشێوەیەکی فراوان و زانسیتانە لە ھەرێمی کوردستان مێژووییەکی درێژی نییە، بۆ یەکەمجار وەزارەتی کشتوکاڵ لە ساڵی ٢٠٠٨ وەک تاقیکردنەوە، ٥١ تۆن بنەتۆوی پەتاتە لە ھۆڵەندا ھاوردەکرد و بەبێ بەرامبەر بەسەر جووتیاراندا دابەشکرد، لە ساڵی ٢٠٠٩ چاندنی پەتاتە خرایە لیستی بەرھەمە ستراتیژییەکانی پلانە پێنج ساڵییەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان و دەستکرا بە ھاوردەکردنی بنەتۆوی پەتاتە لە ھۆلەندا و فەڕەنسا.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ١٦ ساڵی ڕابردوودا بەرھەمی پەتاتە لە ٥١ تۆن بنەتۆنەوە بۆ ٦٠٠ ھەزار تۆن زیادی کردووە، واتە بەرھەمی پەتاتە لە ماوەی ١٦ ساڵدا ٥٠ بەرامبەر زیادبووە، وەزارەتی کشتوکاڵ پێویستی ساڵانەی تاکی ھەرێمی کوردستان بۆ پەتاتە بە ١٥ کیلۆ دیاریکردووە، ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان شەش ملیۆن کەس بێت، ھەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا پێویستی بە ١٠٠ ھەزار تۆن دەبێت، بەو پێوەرە بێت بەرھەمی پەتاتەی خۆماڵی زیاتر لە پێنج ھێندە پێویستی ناوخۆیە.
بەپێی خزمەت و شارەزایی و جۆری بنەتۆ و خاک و ئاو، بڕی بەرھەمی پەتاتە لە یەکەی ڕووبەر لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت، بەشێوەیەکی گشتی چاندنی یەک تۆن پەتاتە ١٢ تاوەکو ٢٠ تۆن بەرھەم دەدات، خەرجی چاندنی ھەر تۆنێک پەتاتە نزیکەی ٢ ملیۆن تاوەکو ٢.٥ ملیۆن دینار لەسەر جووتیارەکە دەکەوێت، بە ھەزاران جووتیار خەریکی چاندنی پەتاتەن، بە سەدان لەو جووتیارانە جووتیاری نموونەیین، بەھۆی شارەزاییان لە چاندن و خزمەتکردندا، بەرھەمیان زۆرە.
ستراتیژیەتی کابینەی نۆیەم، بە بازاڕکردنی بەرھەم و بابەتی بە پیشەسازی کردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانە، بەرھەمی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان یەکێکە لەو بەرھەمانەی ھەنگاوی باشی بڕیوە، زیاد لە پێداویستی ھەرێمی کوردستان بەرھەم ھەیە، ئێستا چەند کۆمپانیایەک لە ھەرێمی کوردستان تۆوی پەتاتە لە ھۆڵەندا بۆ جووتیارانی کوردستان و عێراق ھاوردە دەکەن، بە ھەزاران جووتیار بە چاندنی پەتاتە خەریکن و ساڵانە نزیکەی ٦٠ ھەزار تۆن بنەتۆوی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان دەچێندرێت.
پارێزگای دھۆک لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەڕووی چاندن و بەرھەمھێنانی پەتاتە پێشەنگی پارێزگاکانی دیکەی گرتووە و ئەمساڵ ٧٠%ی ئەو پەتاتەی لە کوردستان ھەیە لە دھۆک بەرھەم دێت. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، گوتی: لە ١٥ی ئەم مانگەوە تا کۆتایی مانگ دەست بە ھێنانە دەرەوەی پەتاتە دەکرێت و لە پایز جارێکی دیکە دەچێنرێتەوە، واتە لە ساڵێکدا پەتاتە دووجار دەچێنرێت لە مانگی یەک و مانگی ٩، حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت گرنگی زۆری بە کشتوکاڵ داوە، تەنیا لە سنووری پارێزگای دھۆک بۆ ئەمساڵ ٤٨ ھەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە داچێنراوە، چاوەڕوان دەکرێت بەرھەمی جووتیارانی دھۆک ٦٠٠ ھەزار تۆن بێت، بەوەش بەرھەمی پەتاتە لە ساڵی ڕابردوو زۆر زیاتر دەبێت، ھەر دوو جۆرەکە لە خۆ دەگرێت پەتاتەی پیشەسازی و خواردن، ساڵ بە ساڵیش ژمارەی جووتیاران زیاتر دەبن، ئەو خواستەی لەسەر پەتاتە ھەیە وای کردووە کە جووتیاران زیاتر گرنگی بە بەرھەمی پەتاتە بدەن، پارێزگای دھۆک لە بەرھەمھێنانی پەتاتە نەک تەنیا لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی ھەموو عێراق یەکەمە.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک، ئاشکراشی کرد: بەرھەمی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان یەکێکە لەو بەرھەمانەی ھەنگاوی باشی بڕیوە، کەش و ھەوا و خاکی ھەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری لە ناوچە جیاوازەکان زۆر گونجاوە بۆ بەرھەمی پەتاتە، ئەوەی لە پێداویستی خۆمان زیادە دەچێت بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، کە ھەر ھاووڵاتییەک ساڵانە ١٥ بۆ ٢٠ کیلۆ پەتاتە دەخوات، بۆ ساڵێک ھەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی ١٠٠ ھەزار تۆن پەتاتە ھەیە، کەواتە ئێستا بەرھەمی ناوخۆ زیاتر لە پێنج ھێندە پێداویستی ناوخۆیە.
سەبارەت بە بوونی ساردخانە لە ھەرێمی کوردستان، ئەو بەرپرسەی کشتوکاڵ، گوتیشی: بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ھەنگاوی زۆر باش نراوە و بەرھەمی پەتاتە لە ساڵی ڕابردوو زیاتر دەبێت، ئێستا ١٢٦ ساردخانە و کۆگای گەورە ھەن، ئەگەر بەرھەمی جووتیاران مایەوە و بازاڕ سست بوو لەو کۆگانە ھەڵدەگیرێت، بەردەوام ئێمە وەکو وەزارەت ئاسانکاری دەکەین بۆ ھەموو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ساردخانە دروست بکەن لە شوێنە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان.