ڕۆژی یەکشەممە (٤/٥/٢٠٢٥)، بە ئامادەبوونی زەعیم عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پ.د.ک، د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن، بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی 2ـی پ.د.ک، عەلی عەونی و سەگڤان هالۆ ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، زکری موسا نوێنەری بەڕێز سیداد بارزانی، عبدولحەکیم بەشار ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا و ئیبراهیم بڕو بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە، هەروەها بنەماڵە و هەڤاڵانی هونەرمەندی کۆچکردوو و ژمارەیەک پەڕلەمانتار، نووسەر، ڕۆشنبیر و هونەرمەند ڕێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند (سەعید گاباری) لە هۆڵی ڕاگەیاندن لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە لە کاتژمێر 5ـی ئێوارە، بە سرودی ئەی ڕەقیب و دەقەیەک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان، سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد) دەستی پێکرد و پاشان گوتاری بەخێرهاتن لەلایەن د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک پێشکەشکرا و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە تایتڵی سەعید گاباری دەنگێک بۆ ئەڤین و ئازادی؛ لەو حەقیقەتە تێدەگەین کە ئەو دەنگانەی بۆ ئەڤین و ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی و خۆشەویستی گۆرانیان چڕیوە و شیعریان ھۆنیوەتەوە و خەباتیان کردووە ئەوانە مرۆڤە نەمرەکانن، ھەم دیسان ئەگەر لە چەمکی دووەم وردبینەوە کە بریتییە لە ئازادی تێدەگەین کە ئەو ھونەرمەند و نووسەر و ڕۆشنبیرانەی لەگەڵ پێشمەرگە، پێشمەرگەئاسا بەرگرییان لە کوردستان کردووە، ئەوانە نەمرتر و قووڵتر دەچنە بەر دیرۆک و ھەمومان شانازیان پێوە دەکەین.
نمایشکردنی دۆکیۆمێنتارییەک سەبارەت بە ژیان و بەرهەمی ڕەوانشاد سەعید گاباری بەشێکی تری مەراسیمەکە بوو و (هۆشیار تاهیر کانیکی)، هەڤاڵی ڕەوانشاد چەند پارچە شیعرێکی خوێندەوە، پاشان تابلۆیەکی میوزیک و ستران لەلایەن هونەرمەند (عەدنان سەعید) پێشکەشکرا.
لە بەشیکی مەراسیمەکەدا، بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش بە خانەوادەی هونەرمەند (سەعید گاباری) کرد.
لەکوتاییدا گوتاری خانەوادەی ڕەوانشاد لەلایەن (ئیبراهیم گاباری) پێشکەش کرا و تێیدا سوپاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم مەراسیمە و ڕێزگرتن لە خەباتی هونەرمەندی کوچکردوو (سەعید گاباری).