سلێمان تاشان – ههولێر
دەروازەیەکی گرنگی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەبووایە تا ئێستا کرابایەوە بەهۆی ئەوەی لە دیوی ئێران ژێرخانە ئاوەدانکردنەوەکەی تەواو نەبووە بە نیوەچڵی هێشتراوەتەوە و هێشتا دیار نییە کەی دەروازەکە بە فەرمی دەکرێتەوە. لە سەردانی چەند ڕۆژی ڕابردووی پارێزگاری هەولێر بۆ شنۆ ئەو پرسە ورووژێنرایەوە.
دەروازەی کێلەشین سی کیلۆمەتر لە شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سی و سێ کیلۆمەتر لە سیدەکانی سەر بە قەزای چۆمان لە ئیدارەی سۆران دوورە. دەروازەکە ئەگەر بکرێتەوە ئەوا هاوشێوەی دەروازەی حاجی ئۆمەران دەتوانێت لە گواستنەوەی کاڵا و شتومەکی بازرگانی و جووڵەی گەشتیاری و ڕەخساندنی دەرفەتی کار لە هەر دوو دیوی سنوور ڕۆڵی کاریگەر بگێڕێت.
دوو ساڵ لەمەوبەر لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣ لە میانەی گەشتی شاندێکی پارێزگای هەولێر بە سەرۆکایەتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بۆ ورمێ داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردبوو بۆ کردنەوەی دەروازەکە کارئاسانی بکەن و ڕێوشوێنەکانی ئاوەدانکردنەوە تەواو بکات بەڵام لەو کاتەووە سەرەڕای ئەوەی کە لە دیوی هەرێمی کوردستان ژێرخانەکە ئامادەیە بەڵام لە دیوی ئێران شتێکی ئەوتۆ نەکراوە و لە دیداری هەفتەی ڕابردوووی شاندەکەی پارێزگای هەولێر کە هەینی ڕابردوو کۆتایی پێهات و لە نزیکەوە بەرپرسانی ئیداری شنۆی بەسەر کردەوە هەمان داخوازی باسی لێوە کرا.
میدیای فەرمیی ئێران خۆیان بە فەرمی باسیان لە ئاستەنگەکان و کێشەکانی بەردەم مەرزەکە کردووە. سەید عەلی تورابی قایمقامی شنۆ گوتی پرسی کردنەوەی دەروازەی بازرگانیی کێلەشین یەکێک لەو پرسە گرنگانە بووە کە ئەوان لە میانەی سەردانی پارێزگاری هەولێر بۆ شنۆ ڕۆژی هەینی لەگەڵیدا تاوتوێیان کردووە.
ئەو ئاماژەی داوە پێیان خۆش بووە هەر چی زووە کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم کردنەوەی بازاڕەکە نەمێنێت و ئەو دەروازەیە بە فەرمی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا بکرێتەوە چونکە توانای شنۆ لە ڕووی کشتوکاڵی، پیشەسازی و گەشتوگوزار بەرزە و دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەری لە پەرەسەندنی بازرگانی هەبێت. هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی پارێزگای هەولێر هیوای ئەوەیان خواستووە ژێرخانی ئاوەدانکردنەوەی مەرزەکە تەواو بکرێت بۆ ئەوەی هەنگاوی داهاتوو بنێن.
سەردانی ئومێد خۆشناو و شاندێکی یاوەری بۆ شنۆ لە چوارچێوەی سەردانەکەیان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەشداریکردنی لە پیشانگەی ئێران – ئێکسپۆ ٢٠٢٥ هات کە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆک کۆمار و جێگری وەزیری دەرەوە و وەزیری پیشەسازیی و پارێزگارانی تاران، قەزوین، زنجان، ورمـێ هەبوو.
بازاڕچەی مەرزیی شنۆ لە کۆتاییەکانی دەیەی نەوەدی زایینی دامەزرا بەڵام دوای ماوەیەکی کورت چالاکییەکانی وەستا.
بازاڕەکە سی کیلۆمەتر لە شاری شنۆ دوورە بەڵام کێشە لەوەدایە لە دیوی ئێران هێشتا هەمووی قیرتاو نەکراوە و تەنیا حەڤدە کیلۆمەتری قیرتاو کراوە.
بیانووی ئێران بۆ کردنەوەی دەروازەکە ئەوەیە ژێرخانەکەی ناتەواوە و تەنانەت کارەبا و ئێنتەرنێت و تەلەفۆن و ڕێگای بۆ دابین نەکراوە، جگە لەمە دوای تەواوبوونی ئەو ژێرخانەیش پێویستە لە ئاستی وەزارەتەکانی دەرەوەی ئێران و عێراق هەنگاو بۆ کردنەوەی دەروازەکە بنرێت.
هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو چەند دەروازە گرینگە بازرگانییە نێودەوڵەتییەی لەگەڵ ئێراندا هەیەتی بە ڕێگای سەرەکیی گواستنەوەی زۆربەی بەرهەمەکانی ئێران بۆ عێراق هەژمار دەکرێ کە بەشێکی بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگوازرێنەوە و بەشێکی تری لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەکار دێت.
دواین ئامارەکانی ئەو وڵاتە دەری دەخات کە ٥%ی کۆی قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ وڵاتانی جیهان، بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستانە و ئەگەر کۆی عێراقیش لەبەرچاو بگیرێت ئەوا ڕێژەکە زۆر زیاتر دەکات. هەندێک ساڵ ئێران تەنیا لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بە بەهای یەک ملیار دۆلار شتی هەناردە کردووە. کردنەوەی دهروازهی “سیدهكان، كێلهشین، شنۆ” لە داهاتوودا جگه لهوهی سوودی زۆری دهبێت بۆ دانیشتووانی ناوچهكه، له ههمان كاتدا دهبێته دهروازهیهكی تری گرنگی نێوان ههرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران.