رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رێنمایی نوێی بۆ تۆماركردنی تەكسی بڵاوكردەوە، ئەمە دوای ئەوەی ماوەی چەندین ساڵ بوو تۆماركردنی تەكسی لە هەرێمی كوردستان راگیرابوو.
سەبارەت بە رێنماییە نوێیەكە، هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند “دوای 11 وەستان، شوفێرانی تاکسی ئێستا دەتوانن لە نێو سەدان جۆر ئۆتۆمبێل کە دەیان براندی جیهانی لە کوردستان بوونیان هەیە و گونجاون بکرێنە ئۆتۆمبێلی کرێ، بە دڵی خۆیان ئۆتۆمبیلی نوێ بکڕن و بكەنە تەكسی، مەرج ئەوەیە كە مۆدیلەكانیان دوایین سێ مۆدیل بن واتە 2023، 2024 و 2025.
بەگوێرەی رێنماییەكەی وەزارەتی ناوخۆ شوفێرانی تەكسی دەتوانن 89 جۆری ئۆتۆمبێلی بەنزین و 74 جۆری ئۆتۆمبێلی هایبرد و تەواو كارەبایی بكەنە تەكسی.
سەبارەت بە شێوازی تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی تەكسی، هێمن میرانی گوتی: پڕۆسەكە بەشێوەیەكی گشتی بەمشێوەیە، سەرجەم شوفێرانی تەكسی دەتوانن تابلۆی تاکسییەکانیان بگوازنەوە سەر ئۆتۆمبێلە نوێیەكەیان، هەروەها تابلۆیەکی ئۆتۆمبێلی تایبەتیش بە خۆڕایی وەربگرن و ئۆتۆمبێلە تاکسییە کۆنەکەیان رەنگەكەی بكەنە تایبەت و وەکو ئۆتۆمبێلی تایبەت بیفرۆشنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ناوخۆ گوتیشی: لەم پرۆسەیەدا شوفێری تاکسی لە رووی داراییەوە هاوکارییەکی باش کراوە، بەشێوەیەك كە ئۆتۆمبێلە کۆنەکەشی دەفرۆشێتەوە و تاکسییەکی نوێش دەخاتە کارەوە.
نەشی شاردەوە كە ئەم پڕۆسەیە و گۆڕینی تاکسی کۆن بۆ نوێ، ئارەزوومەندانەیە و وەستاوە لەسەر دۆخی دارایی خودی شوفێرەكە.
هەروەها گوتی: لە رێنماییە نوێیەكەی وەزارەتی ناوخۆ ئۆتۆمبێلی هایبرد و تەواو کارەباییش زیاد کراون کە دۆستی ژینگە، جگە لەوەش دۆستی گیرفانی شوفێری تاکسین.
داواشی لە شوفێرانی تاکسی كرد رێنماییە نوێیەكەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ تۆماركردنی تەكسی بە وردی بخوێننەوە و هەموو جۆرە رێگاپێدراوەکانی ئۆتۆمبیل بناسن و دواتر بچنە پرۆسەکەوە.