سامان بەرزنجی: هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بووە لە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە تەندروستییدا، سنووری کارکردن نییە. کاتێک ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوودەدات، یاخود نەخۆشییەکی گوازراوە لە دوورترین وڵاتدا هەبێت، ئێمە لێرە ئامادەکاری بۆ دەکەین، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت هەرێمی کوردستان زۆر سەرکەوتوو بووە لە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان.

چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی “WHO” کاری هاوبەشی زۆرمان هەیە، هەرچەندە لە ڕابردووشدا ئەو ڕێکخراوە هاوکاریی و پاڵپشتمان بووە لە ڕووی زانستی و لە کاتی کۆڕۆنا، یاخود سەرهەڵدانی نەخۆشییەکی گوازراوە.

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ڕۆڵی سەرەکی ڕێکخراوی WHO بۆ یەکەمجار لە لەناو وەزارەتی تەندروستیی وەکو یەک خێزان کار دەکەین، لەسەر بنەمای زانستی، ئەکادیمیی و شیکاری و داتا، هەروەها پێدان و هاوبەشیمان لە کۆگایەکی مەرکەزیی داودەرمان و پێداویستی پزیشکی ڕێکخراوی WHO کە نەک تەنیا کوردستان، بەڵکو هەموو عێراق سوود لەم کۆگایە دەبینێت، بۆیە ڕاپۆرتەکانی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ ئێمە گرنگە.

دەشڵێت: لە تەندروستییدا، سنووری کارکردن نییە. کاتێک ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوودەدات، یاخود نەخۆشییەکی گوازراوە لە دوورترین وڵاتدا هەبێت، ئێمە لێرە ئامادەکاری بۆ دەکەین. ئەمەش یەکێکە لە ئامانجەکانیڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت هەرێمی کوردستان زۆر سەرکەوتوو بووە لە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان.

ئاماژەی بەوەش دا، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوو یاسا بەفەرمی چووە بواری جیىەجێکردن، یاسای ئەرک و پاراستنی مافی نەخۆش لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لەگەڵ دەرچوونی شەش پەیڕەوە یاسا، هەروەها لەگەڵ 38 ڕێنمایی کە لە ڕۆژنەمای واقیە بڵاو بووەتەوە، بنەمای کارکردنە.

د. سامان بەرزنجی، ڕاشیگەیاند “تەواوکردن و ڕێکارییەکانی ئامادەکردنی بیمەی تەندروستیی، کە لە ئەنجوومەنی شوورا و وەزیران تەواو بووە، ئومێد دەخوازین لەگەڵ دەستبەکاربوونی پەرلەمان، یەکەم کاری ئەو یاسایە بێت کە ماوەی چەند ساڵێکە کاری تێدا کراوە و گونجاوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەم یاسایە ئامادەیە هیوادارین لە داهاتوودا بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.”