محمد لادێ – ههولێر
ماوەی چەند ساڵێکە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بووەتە نموونەیەکی دیاری ئاوەدانی لە هەرێمی کوردستاندا و لە هەموو بوارەکاندا شوێنپەنجەی هەوڵ و ماندووبونی حکوومەتی پێوەدیارە و بە جۆرێک ئاوەدان کراوەتەوە، بووەتە سیمبووڵی گەشتیاری لە ناوچەکەدا و بەردەوام گەشتیاران لە ناوچە جیاوازەکانەوە سەردانی دەکەن.
لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا، بۆ زیاتر گرنگیدان بە دیمەنی ناوچەکە و بەرزنرخاندنی ئاڵای کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، بە ئامادەبوونی (گۆهدار شێخۆ )سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆی زاخۆ، لە کۆرنیشی زاخۆ، بە گوتنی سرودی نیشتیمانی ئەی ڕەقیب، بەرزترین ئاڵای کوردستان لەسەر ئاستی هەرێم لە پردی دەلالی زاخۆ هەڵکرا، کە بەرزییەکەی ٦٠مەترە.
شڤان عەبدی، بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ وتی :ئەم ئاڵایە بەرزترین ئاڵایە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و وتیشی، شوێنەکە گەشتیارییە و خەڵکانێکی زۆر رۆژانە سەردانی دەکەن، بۆیە بەپێویستمان زانی مۆرکێکی 6نیشتمانی پێوەبێ و ئەم ئاڵایەی کوردستانمان لێ هەڵکرد.
جێی باسە ئاڵاکە لە باخچەی مۆزەخانەی زاخۆ هەڵکراوە کە بەرزییەکەی ٦٠مەترە و پانییەکەی حەوت مەتر و نیو و درێژییەکەشی ١٧ مەترە.
هاوکات کتێبخانەیەکیش لە کۆرنیشەکەدا کراوەتەوە، بۆ ئەو کەسانەی حەز بە خوێندنەوە دەکەن، دەتوانن سوودی لێ ببینن.