گۆڕینی کەشوهەوا زیانی زۆری بە بەرهەمی هەنگ گەیاندووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کەشوھەوا ئەمساڵ زۆر جێگیر نییە، باران کەم بوو، خۆڵبارین ھەبوو، خوڵ گوڵ و گژوگیای داپۆشیوە، ئێستا ھەنگەکان ناتوانن شیلەی گوڵەکان بمژن کە خواردنی سەرەکییانە، تاکە چارەش، شەپۆلێکی دیکەی بارانە بۆ ئەوەی دووبارە گوڵەکان گەشە بکەن.

کەشوھەوای ھەرێمی کوردستان لەبارە بۆ بەخێوکردنی ھەنگ، ھەر ئەوەش وایکردووە ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان لە دوو کۆنگرەی وڵاتانی عەرەبیدا پلەی یەکەم بەدەستبھێنێت.
بەپێی ئامارەکان لە سەرانسەری جیھاندا ٢٠ ھەزار جۆری ھەنگ ھەن، ١٠ ھەزار جۆریان لەناو ھەرێمی کوردستان ھەن و ھەنگەوانەکان ھەریەکەیان بەپێی سرووشتی ھەنگەکە بەخێویان دەکەن.
یەکێک لە گەورەترین ھەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران ساغکردنەوەی بەرھەمی جووتیاران و ھەنگەوانان بوو لە بازاڕە جیھانییەکان، لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە دەیان ھەزار تۆن بەرھەمی کوردستان ھەناردەی بازاڕەکانی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کراون. ھەنگەوانی لە کوردستان لەم ساڵانەی دوایدا تەواو گەیشتووەتە قۆناغێکی بەرھەمھێن، ھەنگەوانان بەشێوەیەکی زانستی ھەنگەکانیان پەروەردە دەکەن، بەھۆی کەشوھەوا و گونجاوی لەوەڕگەکانی کوردستان، ھەنگ لەم وڵاتەدا بەرھەمەکەی کواڵێتییەکی بەرزی ھەیە و ئەمەش وایکردووە وڵاتان خواستیان لەسەری زۆر بێت.
ھەنگەوانی پیشەیەکە کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی ١٠ ھەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ژمارەی ھەنگەکان لە دنیادا نزیکەی دوو ترلیۆن دەبێت و ساڵانە بە بەھای نزیکەی ٢٠٠ ملیار دۆلار بەرھەمیان ھەیە کە جگە لە ھەنگوین، ھەنگ پیتاندن بۆ زۆربەی گوڵی میوە و دانەوێڵەکان دەکەن کە بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، ھەنگ ھۆکاری بەرھەمھێنانی میوە و دانەوێڵەیە لە دنیادا.
ساڵی ٢٠٠٩ بۆ یەکەم جار ھەنگوینی کوردستان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا چووە نێو پێشبڕکێی باشترین ھەنگوینی وڵاتان و پلەی یەکەمی بەدەستھێنا، لە ھەرێمی کوردستان ھەشت سەد ھەزار ھەنگ و شازدە ھەزار ھەنگەوان ھەن، بەرھەمی ساڵانەیان نزیکەی چوار سەد تۆن ھەنگوینە، ساڵانەش لە کۆنگرەی وڵاتانی عەرەبی بۆ ھەنگەوانان بەشداری دەکەن، بە گوتەی ھەنگەوانان گرنگی ئەم جۆرە کۆنگرانە بۆ ھەنگەوانانی کوردستان لەوەدایە کە دەتوانن پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی ھەنگوین بکەن و ھەنگوینەکەیان ھەناردەی وڵاتانی دونیا بکەن، گۆڕانکاری کەشوھەوا کاریگەری لەسەر بەرھەمی ھەنگ ھەیە، بۆیە لەسەر ھەنگەوان پێویستە ھەندێک ڕێکار بگرێتەبەر و خواردن بداتە ھەنگەکان بۆ ئەوەی لەناو نەچن. بەرپرسی ھەنگەکان لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێن، ھەنگ، جۆرە مێشێکی زۆر ھەستیارە و گۆڕانی کەشوھەوا کاریگەریی زۆری لەسەر بەرھەمەکەی ھەیە، بۆیە پێویستە ھەنگەوانان ھەندێک ڕێکار بۆ پێدانی خواردن بە ھەنگەکان بگرنەبەر.
محەممەد ڕەشید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی مێرگەسۆر پازدە ھەزار پوورە ھەنگ ھەن، ئەو پوورە ھەنگانە ساڵانە بەرھەمێکی باش دەدەن، ھەر ئەوەش وای کردووە کە خەڵکێکی زۆری ناوچەکە کاری بە خێوکردنی ھەنگ بکەن.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، گوتیشی: بەردەوام لە مێرگەسۆر و ناوچەکانی دیکە کە دەکەونە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان خولی جۆراوجۆر دەکەینەوە و پسپۆری شارەزای ئەو بوارە دێنین و زانیاریان پێ دەدەین، بۆ ئەوەی ھەنگەوانان سوودی لێ وەرگرن، ئەوەش بۆ ئەوەیە لە داھاتوودا داھاتێکی باشتریان ھەبێت و باشتر بتوانن ھەنگەکانیان بەخێو بکەن.
محەممەد ڕەشید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، ئاشکراشی کرد: مێرگەسۆر ناوچەیەکی شاخاوییە، لەبارە بۆ بەخێوکردنی ھەنگ، بۆیە لە درێژەی کار و چالاکییەکانمان بەردەوام دەبین لەسەر کردنەوەی ئەو جۆرە خولانە، ھیوادارم بتوانین سوود بە ھەنگەوانان بگەینین و ئەوانیش بتوانن باشتر ھەنگەکانیان بەخێو بکەن، بۆ ئەوەی داھاتێکی باشتریان ھەبێت.
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان، بە رۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ھەنگوینی کوردستان لە ناوخۆ و وڵاتانی دەرەوە خواستی زۆری لەسەرە، ئێستا کوالێتی ھەنگوینی کوردستان بووەتە جیھانی و ساڵی ڕابردوو ٥١ تۆن تەنیا بە ئیماراتی عەرەبی فرۆشراوە، باشترین ھەنگوینیش کیلۆی ٨٠ ھەزار دینار دەکات، چەندین جار داوامان کردووە ھاوشێوەی بەروبوومەکانی ديكە لە کاتی بەرھەمهێنانی ھەنگوین ڕێگری بکرێت لە ھەناردەکردنی ھەنگوینی وڵاتان، ئەوە کراوە، بەڵام خەڵکانێکی زۆر بازرگانی پێوە دەکەن و بە قاچاخ ھەنگوین دێنە ناو ھەرێمی کوردستان.
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی کۆمەڵەی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان، جەختی لەوەشکردەوە: لە ھەرێمی کوردستان ھەشت سەد ھەزار ھەنگ و شازدە ھەزار ھەنگەوان ھەن، ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی ھەنگەوانان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ھەنگوینی کوردستان یەکێکە لە باشترین ھەنگوینەکانی جیھان، ئەوەش وای کردووە کە خەڵکێکی زۆر کاری ھەنگەوانی بکەن و بژێوی ژیانی ئەوان لەسەر ھەنگ و بەرھەمەکەی بێت.
عارف شێروانی، ئاشکراشی کرد، پەیوەندیەکی باشمان لەگەڵ ھەنگاوانی وڵاتانی جیھان ھەیە، ھەروەھا لەگەڵ ڕێکخراوەکانی تایبەت بەو بوارە کە لەگەڵ ئێمە زۆر ھاوکارن، ھەنگەوانانیش دنیایەک داواکارییان ھەیە.