بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری قەزوین کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2025.4.29، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و محەمەد نوزری، پارێزگاری قەزوین و بە ئامادەبوونی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و ئێران و بەرپرسی کۆمەڵگایی دەروازەیی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و جێگرانی پارێزگاری قەزوین بۆ کاروباری سیاسی، کاروباری ئاوەدانکردنەوە، کاروباری ئابووری، قایمقامی ناوەندی قەزوین، سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتیی گەشت و گوزاریی پارێزگاکە و چەند بەرپرسێکی دیکەی شارەکە، لە دیوانى پارێزگاى قەزوین، بەمەبەستى پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان هەردوولا و بە هێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان هەولێر و قەزوین و گەیشتن بە ڕێککەوتن و واژووکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن و دانانى ڕێو شوێن و میکانیزمى پێویست و ئاسانکارى و هاریکارى نێوان هەردوولا کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە سەر بەرەوپێشبردن و باشترکردن و بەهێزکردنى جوڵەى بازرگانی و پیشەسازیی لە سەرجەم سێکتەرەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، هەموو ئامادەییەکی خۆی بۆ بەرەپێشبردنی پەیوەندیەکان و باشترکردن جوڵەی بازرگانی و پیشەسازیی لە نێوان هەردوو پارێزگا لە سەرجەم سێکتەرەکان نیشاندا، ڕاشیگەیاند، پەیوەندی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژوویی، ئاینی، فەرهەنگی، کلتوورییە و لە سەر هەموو ئاستەکانیش هەرێمی کوردستان خواستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانە، وەک هەولێری پایتەختیش کە ئەمڕۆ سەنتەری بڕیار و سنتەرێکی گرنگی ئابوورییە، خواستمان پەرەپێدان و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانە لەگەڵ سەرجەم وڵاتان بەتایبەتی وڵاتی ئێران.

پاشان تیشکی خستە سەر دیدار و کۆبوونەوەکانی لە تاران لەگەڵ جێگری سەرۆککۆمار و جێگری وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری تاران و کورتەیەکی لە بارەی دەرنجامی سەردانەکەی خستەڕوو.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە، پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستەسەر سەردانی زیارەتکارانی ئێرای بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە و جەختی کردەوە لە راسپاردەی سەرۆك بارزانی هەرچی ئاسانکاری و خزمەتگوزارییە پێشکەش بە زیارەتکاران کراوە، ئاماژەشی بەوەدا بەئەرکی خۆمانی دەزانین ساڵانە خزمەتی ئەو ئەزیز و خۆشەویستانە بکەین.

لە کۆتایشدا، باسی لەو پڕۆژە و کار و گەشەسەندن و پێشکەوتنانەکرد، کە سەرەڕایی ئەو زوڵمەی بەغدا لە هەرێمی کوردستان دەیکات، لە بڕینی بوودجە و مووچەی خەڵک لە هەولێری پایتەخت هاتۆتەدی.