نێچیرڤان بارزانی بۆ کادیرانی پارتی: داهاتووی کوردستان ئەمانەتێکە و لە ئەستۆی ئێوەدایە

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی خولی نوێی پەیمانگەی کادیران گوتی: هەر کاتێک پارتی بەهێز بێت و هەبێت، بە دڵنیاییەوە کوردستان گەشاوەتر و ئارامتر و پێشکەوتووتر دەبێت، چونکە پارتی زامنی سەرکەوتن و پارێزەری دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە، بە کادیرانی بەشداربووی خولەکەی گوت: داهاتووی کوردستان ئەمانەتێکە و لە ئەستۆی ئێوەدایە.

سێشەممە 29ـی نیسانی 2025، لە ڕێوڕەسمی خولی نوێی پەیمانگەی کادیران کە لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدولڵا لە هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کادیرانی پارتی لە هەولێر دەستی پێکرد، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە وتەیەکدا بۆ کادیرانی بەشداربووی خولەکە گوتی: بەشدارییتان لەو خولەدا، نوێکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ بنەماکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کەلەسەر گیانی نیشتمانپەروەری و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی و کورد و کوردستانیان بەگشتی و لەسەر بنەمای وەفاداری ڕێبازی بارزانی نەمر لە خەبات بۆ ئازادی و سەرفرازی گەلی کوردستان بونیاتنراوە، دووپاتی دەکەینەوە ئەرک و ناوەڕۆکی پەیامەکەتان، کارکردنە بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەش و چەسپاندنی گیانی یەکگرتووی و یەکڕیزی لەنێوان هەموو ڕۆڵەکانی گەلی کوردستاندا، لەگەڵ ڕێزگرتنی تەواو لە فرەیی سیاسی کە ئەزموونی دیموکراسیمان بەهێز و دەوڵەمەند دەکات.

لەبارەی پاراستنی پرەنسیپی پێکەوە ژیان لای پارتی دیموکراتی کوردستان، جێگری سەرۆکی پارتی گوتی: پاراستنی فرەیی و ئازادییە ئاینییەکان و پشتگیریی کردنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی کوردستاندا، ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقییە، بەتایبەتی کە دوژمنانی ئازادی هەمیشە هەوڵیانداوە تەبایی و پێکەوە ژیانمان لەناو ببەن، بەها باڵاکانی مرۆڤایەتی وەک ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی، کرۆکی بیر و ڕێبازی بارزانی نەمر و پارتییە، بۆ هەمیشەش وا دەمێنێتەوە، ئەو بەهایانەش دەبێ ببێت بە کرداری ڕۆژانەی جددی و کاریان لەسەر بکرێت.

لەبارەی پرسی بەشداریی ئافرەتان و گرنگیدان بە تواناکانیان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: گرنگی تایبەتی دەدەین بە پشتگیری و بەهێزکردنی ئافرەتان بۆ گەیشتن بە پێگەی شیاو کە لەگەڵ ماف و کەرامەتیان دەگونجێت، کۆمەڵگەکەمان تەنها بە بەشدارییەکی تەواو و دادپەروەرانە لەنێوان پیاوان و ئافرەتاندا، هەروەها بایەخ و گرنگیدان بە گەنجان بەرزدەبێتەوە، خۆشحاڵم بەوەی لە کۆی 100 کادیری بەشداربووی ئەم خولە، 23 یان ئافرەتن، چاوەڕانی و خواستی زۆر لەوە زۆرترمان هەیە بۆ بەشداریی ئافرەتان لە کاری پارتایەتی و ئامادەیی و هەبوونیان لە ئۆرگانەکانی پارتیدا زۆر پێویستە، هیوادارین ڕێژەیەکی زیاتر لە ئافرەتان لە خولەکانی داهاتوو بەشداریی بکەن.

لەبارەی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەش، نێچیرڤان بارزانی داوای لە کادیران کرد، لە گۆڕانکارییەکان و ئالەنگارییەکانی سەردەم، برەو بە تواناکانیان بدەن بۆ ئەوەی پێشەنگی نەوەی ڕۆشنبیر و وشیار بن لە کوردستان، لەنێو پارتیدا.

گوتی: لە ڕێگەی ڕەخنەی بونیاتنەرانە و خۆ پەروەردەکردنی بەردەوام و پسپۆری لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەت لە بوارەکانی زانست و تەکنەلۆجیا کە نەوەی ئەمڕۆ زیاتر هۆشیارە، بەڵام بەهۆی خێرا گەشەسەندنی بواری تەکنەلۆجی، زیاتر بەرکەوتەی مەترسییەکان لەسەر گەنجانە، گوتی: لەسەر ئێوەیە ئەو نەوەیە ئاراستە بکەن و لەلادان و کاریگەریی نەرێنی بیانپارێزن.

نێچیرڤانن بارزانی گوتی: کادیری پارتی، دەبێت پارێزەری نیشتمان و بەرگریکار بێت لە ناسنامەی کورد و لە ناسنامەی نیشتمانی کوردستانیان، بەرامبەر بەو ڕەوتە دەرەکییانە بووەستێتەوە کە هەوڵی بەردەوام دەدەن ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی لاواز بکەن.

جێگری سەرۆکی پارتی گوتی: پارتی لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە تاکو ئێستا لە هەموو قۆناغەکاندا، پارێزەری ناسنامەی نەتەوەیی کورد و کوردستانیان بووە، بەرپرسیارەتی پاراستنی گەنجەکانمان دەکەوێتە ئەستۆی ئێوە لە هەموو مەترسییەکانی ئەم سەردەمە کە ڕووبەڕووی گەنجان دەبێتەوە بیانپارێزن، لەوانەش مەترسی ماددەی هۆشبەر و کردارە زیانبەخشەکانی دیکە.

گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان بە گیانێکی بەهێزی شارستانی بەرەو جیهان کراوە بوو ، داهاتووی کوردستان ئەمانەتێکە و لە ئەستۆی ئێوەدایە، بۆیە پێویستە پێکەوە کاربکەین، بۆ بونیاتنانی نیشتمانێکی ئازاد و پێشکەوتوو کە هەموو ڕۆڵەکانی بە کەرامەت و یەکسانی بژین، ببێتە پاداشتی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە قارەمانەکان کە لەپێناو ئەو ڕێبازەدا خوێنی خۆیان بەخشیووە.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ئەرکی داهاتووی سەر شانی کادیران گوتی: لەبیرتان نەچێت، ئێوە ئەرکتان خزمەتکردنی خاک و وڵاتە، خۆ بە خاوەنکردنی ڕاستەقینەیە لە کورد و کوردستانیان، قوربانیدانە لەپێناو خاک و نیشتمان، کارکردنی جددی و دڵسۆزانەیە بۆ بونیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر و باشتر.

گوتی: هەر کاتێک پارتی بەهێز بێت و هەبێت، بە دڵنیاییەوە کوردستان گەشاوەتر و ئارامتر و پێشکەوتووتر دەبێت، چونکە پارتی زامنی سەرکەوتن و پارێزەری دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە.