ڕێکاری توند بۆ بەرگرتن لە بڵاو بوونەوەی تای خوێنبەر بوون گیرایە بەر

بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە بەرگرتن و خۆپارێزیی لە نەخۆشی (تای خوێن به‌ربوون) (الحمی النزفیه‌) کە نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر ژیانی مرۆڤ و له‌ ڕێگه‌ی ئاژه‌ڵه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه‌ و هه‌ندێكجار له‌ مرۆڤه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بڵاو بوونەوەی نەخۆشیە کرد و لە نزیکەوە ڕاو سەرنجی ئامادەبووانی وەرگرت، کە تاکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی ئەم نەخۆشییە بەدی نەکراوە، بەڵام لەو ماوەیەدا لە چەند شارێکی عێراق چەند حاڵەتێک تۆمار کراوە و بەهۆیەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکە و پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان و ڕیگەگرتن لە مەترسییەکانی بڵاو بوونەوەی نەخۆشی (تای خوێنبەربوون)، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:-
یەکەم/ بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگەکان بەبێ پشکنینی ڤێتەرنەری سەرببڕدرێت، لە بەردەم دوکان و شەقامەکان، لە ماڵان، ئەرکی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییە و شارەوانی و لیژنەکانی تەندروستیی و لیژنەی چاودێری بازاڕە، ڕێگری لەو کارە بکەن، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچی بکات ڕێکاری توندی یاسایی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر.
دووەم/ قەسابەکان پابەندن بن بەڕێنماییە تەندروستییەکان بە لەبەرکردنی کەل و پەلی خۆپارێزی.
سێیەم/ پێویستە هاوڵاتییان گۆشتیی سوور لە شوێنی ڕێگەپێدراو بکڕن و دەستکێش لەدەست بکەن و هیچ برینێک نەبێت و تەختەی لەتکردنی گۆشت لە تەختەی لەتکردنی سەوزە جیاواز بێت.
چوارەم/ بەهاوکاری یەکە کارگێڕیەکان، دەست بکرێت بە هەڵمەتی شوشتن و ڕشاندنی ئاژەڵی خۆماڵی.
پێنجەم/ لەلایەن هۆبەکانی ڤێتەرنەری و موختاری گوندەکان، هەموو ئەو هاوڵاتییانەی خاوەنی ئاژەڵ و کاری ئاژەڵداری دەکەن، ئاگادار بکرێنەوە لە ڕشاندنی ئاژەڵەکانیان بە دەرمانی دژە (قرنە) کە ئێستا بەردەوامە.
شەشەم/ ڕشاندنی گۆڕەپان (مەیدان)ی ئاژەڵان بەگشتی کە لە ئیستادا دەستی پێکردووە.
حەوتەم/ خاوەنی کێڵگەکان و بازرگانانی ئاژەڵان، دەبێت پابەندبن بە ڕشاندنی ئاژەڵەکانیان بەسەرپەرشتی ڤێتەرنەری.
هەشتەم / دەبێت باخچەکانی ئاژەڵانی سنووری پارێزگای هەولێر، لە ژێر سەرپەرشتی ڤێتەرنەری هەموو ئاژەڵەکانیان بشۆن و بڕشێنن.
نۆیەم / هاتنی ئاژەڵ و گۆشت لە دەرەوەی شاری هەولێر بەبێ پشکنینی ڤێتەرنەری و پزیشکی، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.