ڕائیب جادر – هەولێر
پڕۆژەی بەرزەپردی دەروازەی ئیدارەی سۆران، پڕۆژەیەکی ستراتیژی ڕێگەوبانە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پێناو نەھێشتنی جەنجاڵی و بە دوو سایدکردنی ڕێگەوبانی دەڤەرەکە خستووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە. بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: ٥٩٤ پڕۆژەی ڕێگەوبان تەواوکراون، ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی ڕێگەوبان لە قۆناغی جێبەجێ کردندان.
بەرزەپردی دەروازەی ئیدارەی سۆران، بە گوژمەی زیاتر لە ٤٠ ملیار دینار لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردی بناغەی بۆ دانا و لە ئێستادا ٩٠% کارەکانی بە کۆتا ھاتووە، پڕۆژەکە بناغەیەکە بۆ بەستنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بە پارێزگاکانی دیکەوە، کە وێڕای ئاسانکاری ھاتووچۆ دیمەنێکی جوانیش بە سنوورەکە دەبەخشێت، پڕۆژەکە زیاتر لە ٩٠%ی تەواوبووە، لە ماوەیەکی نزیکدا بەشێوەی تێست بەڕووی ھاووڵاتییان و شۆفێراندا دەکرێتەوە، دواتر دوای تەواوکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی کە ماون لەگەڵ جوانکاری شەقامەکە و ئەو بڕگانەی کە ماون بە فەرمی دەکرێتەوە.
ھاووڵاتییان و شۆفێرانی ئیدارەی سۆران، گرنگی دانی حکوومەتی ھەرێم بە سێکتەرەی ڕێگەوبان و بە دروستکردنی دوو ساید و بەرزەپرد لەم دەڤەرە بە پێویست دەزانن، وەکو خۆیان دەڵێن، پێشتر قەرەباڵغیەکی زۆر لە گەلی عەلی بەگ و شوێنەکانی دیکە دروست دەبوو، بەڵام ئێستا ئەو قەرەباڵغییە نەماوە و شتێکی زۆر باشیان کردووە و سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەین بۆ دروستکردنی ڕێگەوبان و بەرزە پرد و دووسایکردنی ڕێگەوبانەکان.
ھەژار حەکیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پڕۆژەی بەرزەپردی دەروازەی ئیدارەی سۆران، بەشێکە لەو پلانەی کە کابینەی نۆیەم داینا بوو بۆ بنیاتنانی ژێرخانی بواری ڕێگەوبان، کە ھاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە ڕێگەی ھامڵتۆنەوە بۆ پارێزگای ھەولێر ھەروەھا بۆ مەرزی نێودەوڵەتی زێت و بەستنەوەی تەواوی شار و شارۆچکەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەوەش کار ئاسانییەکی باش دەکات لە بواری ڕێگەوبانەوە.
ساڵی ڕابردوو ھەڵمەتێکی باشی دروستکردنی ڕێگەوبان لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، چەندین ڕێگەی گرنگ و ستراتیژی دروست کران، ئێستا کۆمەڵێک ڕێگەوبانی گرنگ لە بواری جێبەجێ کردندان. ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: بەگشتیی ٥٩٤ پڕۆژەی ڕێگەوبان تەواوکراون و دوو ھەزار و ١٨٩ کیلۆمەتر خراونەتە خزمەت ھاووڵاتییان.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە باسی ژمارەیەک لەو پڕۆژانە کرد کە ئێستا کاریان تێدا دەکرێت و تەواونەکراون و گوتی: بەشێکی زۆریان ئەمساڵ تەواو دەکرێن، کە چەند پڕۆژەیەکیان شادەمارن، لەوانە دووسایدی دھۆک – باعەدرێ، بە تەواوبوونی ڕێگەی نێوان ھەولێر بۆ دھۆک، ١٥ خولەک کورتر دەکاتەوە، ڕێگەی کەلەک- بەڕدەڕەش، دووسایدی ئاکرێ- قەندیل، ڕێگەی کەلار- گەرمیان، ئەمساڵ تەواو دەکرێت، ڕێگەی کۆڕێ- شەقڵاوە، ڕێگەی ھەولێر-کۆیە.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئەوەشی گوت: کابینەی نۆیەم زۆرترین پڕۆژەی لە کەرتی ڕێگەوبان جێبەجێکردووە.