‎یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بە دیاری و خەڵاتەوە سەردانی ڕۆژنامەی هەولێریان کرد

‎شاندێکی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بەسەرۆكایەتیی خاتوو زیبا تەها سكرتێری یەكێتیی ئافرەتان، سەردانی نووسینگەی سەرەکیی ڕۆژنامەی “هەولێر”یان کرد. ئەمە دووەم سەردانی فەرمیی ئەو ڕێکخراوەیە بۆ ڕۆژنامەی هەولێر لە ماوەی ئەمساڵدا.

‎مەبەستی سەرەکیی سەردانەکەی شاندی یەکێتیی ئافرەتان، دەربڕینی سوپاس و پێزانینی ڕێکخراوەکەیان بوو بەرانبەر بە ڕۆژنامەی “هەولێر”. شاندەکە دەستخۆشییان لە ستافی ڕۆژنامەکە کرد لە پای ئەو بایەخ و گرنگییە بەرچاوەی کە ڕۆژنامەی هەولێر بە بەردەوامی بە پرسەکانی ئافرەت بەگشتی و ئەو كۆنفرانسە گرنگەی ئافرەتانی كوردستانییان داوە، هەروا گرنگیدان بە چالاکییەکان و ڕۆڵی یەکێتیی ئافرەتان و بزووتنەوەی ژنان بە گشتی دەیدات.
‎ئەندامانی شاندەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە ڕووماڵکردن و گرنگیپێدانی میدیایی ڕۆژنامەی هەولێر بە کاروباری ڕێکخراوەکەیان و تواناو قەڵەمی ئافرەتان، هۆکارێکی گرنگە بۆ گەیاندنی پەیام و ئامانجەکانیان بە کۆمەڵگە و هەروەها پشتیوانییەکە بۆ بەدیهێنانی مافەکانی ئافرەتان لە کوردستاندا. ئەوان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم سەردانە دووبارەیە لەم ساڵدا، نیشانەی پەیوەندیی پتەو و ڕێزی دوولایەنەی نێوان هەردوو لایەنە.
‎لەلایەن خۆیەوە، سەرنووسەرو ستافی ڕۆژنامەی “هەولێر” وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی شاندی میوان، دووپاتیان کردەوە کە ڕۆژنامەکەیان بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت کە مینبەرێکی ئازادو كارا بێت بۆ دەنگ و داواکارییەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەتیش ئافرەتان کە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بونیادنان و پێشخستنی ژیان و كۆمەڵگەی كوردستاندا هەیە.
‎هەروەها ستافی ڕۆژنامەی هەولێر جەختیان لەوە کردەوە کە بە هەموو توانای پیشەیی و میدیایی خۆیانەوە، بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی یەکێتیی ئافرەتان و سەرجەم ئەو هەوڵانەی کە لەپێناو بەهێزکردنی پێگەی ئافرەت و یەكسانی و داکۆکیکردن لە مافەکانیدا دەدرێن.
‎ئەم دیدار و دەربڕینی پێزانینە هاوبەشە وەک هەنگاوێکی ئەرێنی لەقەڵەمدەدرێت بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندی نێوان دامەزراوە میدیاییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لەپێناو خزمەتکردنی دۆزی ڕەوای کۆمەڵگە و پێشخستنی هۆشیاریی گشتی.
لەلای خۆیەوە سەرنووسەری ڕۆژنامەی هەولێر بەڵێنی پێدان کە لە جاران بە گوڕتر بایەخ بە کار و چالاکیی ئافرەتان بدات و ڕۆژنامەی هەولێری وەک ماڵی مەعریفی ئافرەتان وەسف کرد.