ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی نیسانی 2025، عەبدولکەریم حوسێنزادە، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران، بە ئامادەبوونی دکتۆر حەمیدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران، پێشوازیی لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری کرد.
بەپێێ ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، لە دیدارەکەدا، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لە بەرەوپێشبردنی زیاتری دۆستایەتی و پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی ئێران و گەلی کورد و پتەوکردنی پەیوەندییە گشتی و فەرهەنگی و ئابوورییە هاوبەشەکان کردەوە، هاوکات ئامادەیی خۆی دووپاتکردەوە لە بەرەوپێشچوونی زیاتریان.
لە بەرامبەردا پارێزگاری هەولێر،دووپاتی لەوە کردەوە کە پاڵشت و هاوکارن بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، خواستیانە پەیوەندییەکی باش و تۆکمەیان لەگەڵ تەواوی وڵاتان، بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەبێت.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر، ڕۆڵی محمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری تارانی لە پێشخستنی پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکان و جوڵەی بازرگانی نێوان هەولێر و ئازەربێجانی ڕۆژئاوا بەرز نرخاند، گوتیشی: ئێستاش خواستی ئێمە وەکو هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە لەگەڵ پارێزگای تاران دووبارە بکەینەوە بۆ پتر گەشەسەندنی پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکانی نێوانمان.
لە کۆتایشدا، پارێزگاری هەولێر بە فەرمی بانگهێشتی جێگری سەرۆک کۆماری ئێرانی کرد بۆ سەردانیکردنی هەولێری پایتەخت و هەرێمی کوردستان.