پڕۆژەی هەژماری من ڕایگەیاند: ئەو خانەنشینانەی کارتی بانکییان گەڕاوەتەوە لەمەودا سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان.
دووشەممە، 28ـی نیسانی 2025، پڕۆژەی هەژماری من بڵاوی کردەوە، پرۆسەی دابەشکردنەوەی کارتی بانکی سوودمەندانی هەژماری من بەردەوامە دەبێت و ئەمجارەش بەشێک لە خانەنشینان کارتی بانکییان بۆ ئامادە کراوە و دەتوانن لە بانکی عەنکاوەی شاری هەولێر وەری بگرنەوە.
پڕۆژەی هەژماری من باسی لەوەش کردووە، ئەو خانەنشینانەی کارتیی بانکیان گەڕاوەتەوە لەمەودوا سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان و ئاسانکارییەکانی ڕاکێشانی مووچە.
ئاماژە بەوەش کراوە، زیاتر لە سێ هەزار و 300 خانەنشین تا کۆتایی ئەم هەفتەیە کارتی بانکی تایبەت بەخۆیان دەبێت.
28ـی شوباتی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەری ”هەژماری من”ـی راگەیاند، کە پڕۆگرامێکی گشتگیری داراییە، بە مەبەستی دابینکردنی ڕێگایەکی پارێزراو و گونجاوە بۆ فەرمانبەران، هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی کەرتی گشتیی بۆ دەستڕاگەیشتن بە مووچەکانیان.
ئامانج لە پڕۆژەکە هەوڵی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان و خێراترکردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکوومەتە، کە بەشێکی سەرەکییە لە دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان.