راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
ئەمڕۆ ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی شۆرش ٳسماعیل وەزیری پێشمەرگە، فەریق سیهاد بارزانی فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەک، ستیڤ بیتنەر کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر و فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی و نوێنەرانی هێزەکانی (٧٠ و٨٠) و تیمێکی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی سپێرت ئۆف ئەمریکا، کۆنفرانسی دەستپێشخەری ئامادەیی پزیشکی پێشمەرگەی بەئامانجی بە دیجتاڵکردنی کاروبارەکان و پەیوەندی راستەوخۆی یەکە سەربازییەکان لە حاڵەتە نەخوازراوەکان و کاتی جەنگ و ئاشتی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگەوە، له شاری هەولێر بەڕێوەبرد، کە درەئەنجامی مەشق و راهێنانی پزیشکی پێشکەوتوو بوو کە تیایدا (١٢٥) ئەفسەر و پێشمەرگەی یەکە سەربازییەکان لەسەر ئاستی لیواکان و فیرقەکانی پیادەی هێزی پێشمەرگە بەشدارییان تێداکردوە.
لە سەرەتای مەراسیمەکە، وتاری بەخێرهاتن لەلایەن د. شاخەوان ئەنوەر جێگری بەڕێوەبەری گشتی کاروباری پزیشکی خوێندرایەوە، دواتر د. رەزا ئیسماعیل سنیار بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی تیشکی خستە سەر گرنگی ئەم پرۆژەیە و بە بنەمای پێشخستنی کەرتی تەندروستی پێشمەرگەی زانی و بەتایبەت ئەم سیستەمەی بە خاڵێکی وەرچەرخانی رێکخستنەوەی کاروباری تەندروستی هێزی پێشمەرگەی دانا کە ئامادەیی پزیشکی پێشمەرگە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش دەبات بە دەسپێک و هەنگاوێکی سەرەکی بەدیجیتاڵبوونی سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بۆ لایەنی سەربازی و تەنانەت کەرتی گشتیش دادەنرێت.
لە کۆنفرانسەکەدا، وەزیرى پێشمەرگە وتارێکى پێشکەش کردوو تیایدا گوتی؛ بەرەوپێشچوونەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دووبارە ئەمڕۆ هەموومانی لێرە کۆکردۆتەوە، دڵخۆشین لەم مەڕاسیمەدا بە دیجیتاڵیکردنی کاروباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە ڕادەگەیەنین، ئەم گەشەسەندنە لە بواری پزیشکی سەربازی، سەرکەوتن و بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەم بەرنامە ئەلیکترۆنیە بۆ زانین و هەڵسەنگاندنی ئاستی ئامادەیی پزیشکییە لە سەرجەم یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا، راستەوخۆ لەم ڕێگەیەوە بەرێوبەرایەتی کاروباری پزیشکی لە دەرئەنجامی هەڵسەنگاندنەکان ئاگاداردەبن، دەستخۆشی لە بەرێوەبەر و پزیشکان و کارمەندان و تەواوی ئەو بەڕێزانە دەکەم کە لەم بەرنامەیەدا ڕۆڵی گرنگیان هەبووە و هیوادارم بەردەوام بن و بیرۆکەی نوێ بهێننە ئاراوە؛ کە زیاتر خزمەت بە بواری پزیشکی سەربازیی بکات و ئێمەش لە وەزارەتی پێشمەرگە پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین، هەروەها سوپاسی رێکخراوی (سپێرت ئۆف ئەمریکا) دەکەم کە هەمیشە هاوکار و پشتیوانی دڵسۆزانەی وەزارەتی پێشمەرگەن، ڕۆڵی گرنگی داراییان هەبووە لەم دەستپێشخەریەدا.
وەزارەتی پێشمەرگە، ئێستا لە قۆناغی گەشەسەندن و بەدەستهێنانی دەسکەوتی زیاتردایە، تموحی زۆرمان هەیە بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی زیاتر بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ژێرخانی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە پتەوتربکەین، گەندەڵی و رۆتینات نەهێڵین و گیروگرفتەکانی بەردەم چاکسازی چارەسەربکەین، هەموو ئەم دەستکەوتانە و زیاتریش بۆ بەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی گەلەکەمانە، کە کوردستان ببێت بە خاوەنی سووپایەکی یەکگرتووی کوردستانی، دڵنیاشبن، بە پشتیوانی ئیرادەی گەلەکەمان و سەرکردایەتی کورد و دڵسۆزانمان لە هاوپەیمانی نێوودەوڵەتی بە تایبەت ئەمریکا دەتوانین سووپایەکی بەهێزی کوردستانی لە ناوچەکەدا بنیات بنێین کە پارێزەری خەڵک و خاکی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش بێت.
لەبەردەوامی ئەو کۆنفرانسەدا، زاک بازی بەڕێوەبەری هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوەندی ئاسیا لە رێکخراوی سپێرت ئۆف ئەمریکا، لە وتەیەکدا گوتی؛ ئەمڕۆ ئێمە بە دڵخۆشی و پارێزراوی لێرە کۆبووینەتەوە کە ئەمە خۆی شاهید دانە لەسەر قوربانیدان و بوێری ئافرەتان و پیاوان لەناو رێزەکانی پێشمەرگەدا، لە کاتێکدا ئێوە کار دەکەن بۆ ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نوێبکەنەوە دووبارە پەیکەری وەزارەت و هێزەکان رێکبخەنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ چەرخی سەدەی بیست و یەک بگونجێت بۆ ئەمەش رێکخراوی سپێرت ئۆف ئەمریکا لەگەڵتان دەمێنێتەوە و هاوکارتان دەبێت و هەوڵ دەدات دەرفەتی مەشق و راهێنان لە ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگە برەخسێنیت، ئێمە سیستەمی کامێرای چاودێریمان لە چەندین شوێن لە بەرەکانی جەنگ بۆ هێزی پێشمەرگە دابین کرد کە لەکاتی شەری دژی داعش و ئێستاش بۆ چاودێریکردنی دوژمن سودی لێوەردەگرن.
زاک بازی ئاماژەی بەوەشدا؛ کە لە بواری تواناسازییەوە یارمەتی وەزارەتی پێشمەرگە دەدەین و لەئەنجامی چەندین ساڵ کارکردنمان بە یەکەوە لەگەڵ پێشمەرگە هاوبەشیێک دروستبووە کە پڕە لەگیانی بەیەکەوە کارکردن ئەم بەیەکەوە کارکردنە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە وادەکات لە رووی تەکنەلۆجیا و کۆکردنەوەی زانیاری شیکردنەوە لەسەر پێشمەرگە و کاروباری پێشمەرگە ئاسانتر بێت و ئەمەش لە ئەنجامی سەرکردایەتی و پیشەگەرایەتی هاورێیان و تیمەکانمانە بە هاوبەشی لەگەڵ پێشمەرگە.
ستیڤ بیتنەر کونسوڵى گشتى ئەمریکا وتارێکى پێشکەش کرد و رایگەیاند؛ ئامادەبوونتان شایەتی گرنگی دەستپێشخەرییە بۆ پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، هەروەها دەمەوێت ئاماژە بە ڕۆڵی رێکخراوی سپێرت ئۆف ئەمریکا و (زاک بازی) بەڕێوەبەری هەرێمی رێکخراوەکە بکەم لە هاوکاری و هەماهەنگیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا، کە ئەمڕۆ ڕۆژی دەستپێکردنی پلاتفۆرمی بەدیجتاڵکردنی ئامادەباشی پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگەیە کە بەڕێوەبردنی کاروباری پزیشکی پێشمەرگە بە شێوەیەکی رێک و پێک رەنگدانەوەی چەند بارەی هەیە لە رێکخستنەوەی کارەکان و ئەم بەرنامەیەش چەندین ئەفسەری سەربازی کە لەبواری تەندروستی کاردەکەن تەکنیک و رێگای باشیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی زانیاری کەسی پێشمەرگەکان تۆماربکات و سوود لە زانیارییەکان وەربگرن و ئەم پلاتفۆرمە بەشێکە لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە پیشەگەر بکەین و ئێمە ماوەی زیاتر لە دە ساڵە لە بواری راهێنانی پزیشکی و بواری جۆرا و جۆر یارمەتی پێشمەرگە دەدەین و ئەم یارمەتیە ژیان پاڕێزییە و یارمەتی پێشمەرگە دەدات بۆئەوەی تواناکانی پێشمەرگە بەهێزبکات و بتوانێت بەرپەرچی هەرەشە جیاجیاکان بدەنەوە و هەروەها سەرچاوەی پزیشکی پێویستیان لەبەردەست بێت، ئێمە بەیەکەوە هەرێمێکی سەقامگیرتر و پارێزراوتر دروست دەکەین.
لە کۆتاییدا، خەڵات و دیاری ڕێزڵێنان پێشکەش بە بەشداربووانی ئەم کۆنفرانسە کرا، بە نمایشکردنی کورتە فیدیۆی پڕۆژەی ئامادەیی پزیشکی هێزی پێشمەرگە کۆتایی بە کۆنفرانسەکە هات.