ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.4.28، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرى شاکر حسێن، بەرپرسى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران و مەسعود باتلى، بەرپرسى کۆمەڵگاى دەروازە نێودەوڵەتى حاجى ئۆمەران، لە تارانى پایەتەختى کۆمارى ئیسلامى ئێران بەشداربوو لە کردنەوەى گەورەترین پیشانگاى نێودەوڵەتى بازرگانى و پیشەسازیی جیهانى ( iran – expo 2025 ). کە بە ئامادەبوونى مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێران و ژمارەیەکى دیکە لە وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسانى دیکەى باڵای وڵاتەکان و وەبەرهێنەران و پیاوانى کار و بازرگانانى هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکە کرایەوە.
پارێزگاری هەولێر، دوای کردنەوەی پیشانگاکە، بە یاوەری جێگری پارێزگاری تاران و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە، بەشەکانی پیشانگاکەی بەسەر کردەوە و لەگەڵ جێگری پارێزگاری کوردستان – سنە و جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی وپیشەسازیی ئێران و ژمارەیەکی تر لەپیاوانی کار و وەبەرهێنەرانی وڵاتەکە و جیهان کۆبۆوە.
جێگەی باسە، (7)هەمین پیشانگای هەناردنکارانی ئێران، “ئێران ئێکسپۆ 2025” کە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە شوێنی هەمیشەیی پێشانگا جیهانییەکانی تاران بەڕێوە دەچێت، زیاتر لە 800 کۆمپانیای ئێرانی لە بواری جیاجیاکاندا لەوان، پیشەسازیی خۆراک، کشتوکاڵ، تەکنۆلۆژیا، دەواودەرمان، پترۆشیمی، پیشەی دەستی و ڕاژەکارییەکان تێیدا بەشدارن، پارێزگاری هەولێر بە فەرمی بانگهێشتی کردنەوەی پیشانگاکە کراوە و، شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 100 وڵاتی دیکەی جیهانی بۆ دانوستان و هاوکاریی بازرگانی بانگهێشتی ئەو پێشانگایە کراون.