وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، خۆشحاڵم بە دەستپێکردنی قوتابخانەی دیجیتاڵی، ئەم سیستەمە بە سیستەمی زیرەک پەرەی پێدراوە، بۆیە گرنگە تەکنەلۆجیا لە پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ بەکار بهێنین.
دووشەممە، 28ـی نیسانی 2025، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی پرۆژەی قوتابخانەی دیجیتاڵی ڕایگەیاند، خۆشحاڵم بە دەستپێکردنی قوتابخانەی دیجیتاڵی کە یەکێکە لە پرۆژەکانی دامەزراوەی شێخ محەممەد ئال مەکتوم، قوتابخانەی دیجیتاڵی قوتابخانەیەکی تەواوی دیجیتاڵییە بۆ ئەوەی سیستەمی پەروەردە بەهێزتر بکات.
گوتیشی: ئەم سیستەمە، بە سیستەمی زیرەک پەرەی پێدراوە، چونکە ئێمە لە جیهانێکدا دەژین بەردەوام گۆڕانکاریی تێدایە و سیستەمی دیجیتاڵی تییدا باڵا دەستە، هەروەها سیستەمی دیجیتاڵ کاریگەریی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان هەیە، لەبەر ئەوە دەکرێت تەکنەلۆجیا لەبوارەکانی پەروەردە بەکار بهێنین.
ئالان حەمەسەعید، گرنگە تەکنەلۆجیا لە پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ بەکار بهێنین، ئەم نەوەیە نەوەی ئەلفای پێ دەگوترێت، کە بریتیە لە بەکار هێنانی تەکنەلۆجیا پێش فێربوون و خوێندنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد ئەم دەستپێشخەرییە نایابە و لەچەند وڵاتێک جێبەجێ دەکرێت، کە هەرێمی کوردستان پێش چوار ساڵ بەشداریی ئەو پرۆسەیەی کردووە کە لە ئیمارات پێشنیازیان کردبوو.
وەزیری پەروەردە دەشڵێت: لەسەر بڕیاری سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، وەزارەتی پەروەردە پلانێکی گشتیر و فراوانی بۆ سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیا و هاوبەشی ستراتیجی لەگەڵ ئیمارات دانا، هەروەها لەسەر ئەو بنەمایە پیش چوار ساڵ ڕێککەوتنێکی لێکگەیشتنمان لەگەڵ د. عومەر سوڵتان، وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ ژیری دەستکرد و ئابووری دیجیتاڵی کرد.
باسی لەوەش کرد، لەسەر ئەو ڕێککەوتنە، ئێمە 14 قوتابخانەمان دیاری کرد بۆ ئەوەی بچنە ناو پرۆژەی قوتابخانەی دیجیتاڵی، بەڵام ئێستا نزیکەی 50 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان سوودمەندن لە دەستپێشخەری قوتابخانەی دیجیتاڵی.