پارێزگاری ھەولێر لەگەڵ پارێزگاری تاران کۆبووەوە

محەممەد سادق معتەمدیان، پارێزگاری تاران، بە یاوەری ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە شوێنی مانەوەی، سەردانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێری کرد.

لە دیدارێکدا، کە ھەریەک لە بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و ستافی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم لە تاران و بەرپرسی کۆمەڵگای سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ئامادەی بوون، پارێزگاری تاران وێڕای بەخێرھێنان، خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەکەی پارێزگاری ھەولێر بۆ تارانی پایتەخت و بەشداری لە پێشانگای (ئێران-ئۆکسپۆ ٢٠٢٥) نیشاندا.

لەلایەن خۆیەوە، پارێزگاری ھەولێر، سوپاسی سەردانەکەی پارێزگاری تارانی کرد و جەختی لە پتەوکردنی زیاتر پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە.

ھەروەھا سەبارەت بە ڕووداوەکەی ئەم دواییەی بەندەر عەباس، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر سەرەخۆشی ھاوخەمی خۆی گەیاند و ھیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارانی ڕووداوەکە خواست.