سەعید جردۆ شنگالی، سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی: سەرۆک بارزانی بەردەوام پشتگیری لە بنکەی لالش کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بنکەی لالش بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری بە گەورەترین دامەزراوەی ڕۆشنبیری ئێزدی دادەنرێت، لە ساڵی ١٩٩٣ بە پشتیوانیی سەرۆک بارزانی بۆ کۆکردنەوە و بەدیکیۆمێنتکردنی قەول و بەیت و ڕێوڕەسمە پیرۆزەکانی ئایینی ئێزدی دامەزرا، سی و چوار لق و نووسینگەی ھەیە، لەو ڕێگەیەوە خزمەتێکی زۆری بواری ڕۆشنبیری و کولتووری و شارستانێتی ئێزدیان کردووە و ئەو بزاڤەش لەناو کۆمەڵگەی ئێزدیان زیاتر بووژاوەتەوە. سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، دەڵێت: بە چاودێریی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتی لەبارەی ئێزدییەکان، ئایین، کولتوور، مێژوو و جوگرافیا، لە زانکۆی دھۆک دەکرێت.

بنکەی لالش لە ماوەی ڕابردوو توانیویەتی لەڕێی ھەڵبژاردن و بەشێوەی دیموکراسی درێژە بە کارەکانی دەستەی بەڕێوەبەری بنکەکە بدات و توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر دیبەیت و سیمینار بەشێوەی ئەکادیمی بەڕێوەببات و پێکەوەژیان لە کوردستان بەھێزتر بکات.
ئایینی ئێزدییەکان، ئایینێکی کۆنە و مێژووەکەی بۆ ھەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و بەشێکە لە میراتی مێژینەی گەلی کورد، ئێزدییەکان بە زمانی کوردی قسە دەکەن، داب و نەریتی ئەوانیش لەگەڵ کولتووری گشتیی کوردیدا دەگونجێت، ئێزدییەکان بە درێژایی سەدەکان سەرەڕای ئەو تەحەددا و گۆشەگیرییانەی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی خۆیان پاراستووە.
سەرۆکوەزیرانی کوردستان، ھەمیشە گرنگی بە ئێزدیەکان داوە و مانگانە مینحەی بۆ دابین کردوون، ھەروەھا سێ ھەزار و ١٥٠ ئافرەتی ڕزگاربووی دەستی داعش مانگانە مووچە وەردەگرن، سەرۆکی حکوومەت بەردەوام پشتیوانیی خۆی بۆ ماف و داواکارییەکانی ئێزدییەکانی دووپات کردووەتەوە، بەردەوام ھەوڵدەدات ڕەوشی شنگال ئاسایی بێتەوە، بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
سەعید جردۆ شنگالی، سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: خەون و حەز و ئارەزووی ڕۆشنبیرانی ئێزدی ئەوە بوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بنکەیەکی ڕۆشنبیری کە تایبەت بێت بە کولتووری ئێزدییەکان بکرێتەوە، پاش ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان ئەو خەونە گەورەیە ھاتە دی و بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش کە بنکەیەکی جڤاتیی کوردانی ئێزدییە، لە ساڵی ١٩٩٣ بە پشتیوانیی سەرۆک بارزانی دامەزرا، توانی ھەموو نووسەر و ڕۆشنبیرانی ئێزدی لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە لە پێناو ئەرشیفکردنی کولتووری ئێزدییەکان و تێکستی ئۆلی ئێزدییەکان و بەھێزکردنی ھەستی نەتەوایەتی، ڕۆژبەڕۆژ ڕۆلی بنکەی لالش لەنێو کوردستان بەشێوەیەکی گشتی و ئێزدییەکان بەتایبەتی زیاتر دەبێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش دەکات، بنکەکەمان کار دەکات لە پێناو ئەوەی ئایینی ئێزدی لە خزمەتی ڕۆشنبیران و لایەنی کۆمەڵایەتی و ناساندنی کەلتووری پێکەوەژیان بێت، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی بنکەکەماندا، کۆمەڵێک پلان و بەرنامەی نوێمان لە بەردەستدایە، بەردەوام لە خزمەتی کوردانی ئێزدی و ڕۆشنبیرانی ئێزدیدا دەبین.
سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، دەشڵێ: بەردەوام چالاکی جۆراوجۆرمان ھەیە، ھەموو ئەو چالاکیانەش لە خزمەت کوردانی ئێزدیدانە، ئەو چالاکییانەی کە کراون، ئەوانەی لە داھاتووشدا دەکرێن بە پشتگیری و پاڵپشتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت، سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەین کە بەردەوام خەمخۆری ئێزدییەکان و بنکەکەمانە.
سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، جەختی لەوەشکردەوە: لەو ڕۆژەوەی بنکەی لالش دامەزراوە ھەتا ئێستا سەرۆک بارزانی بەردەوام پشتگیری لە بنکەکەمانی کردووە و ئەوەی پێویست بووە بۆ ئێمەی کردووە، لە چەندین کار و چالاکی ئێمەدا بەشدار بووە، لەگەڵ ئەوەش سەرۆک بارزانی نەک تەنیا پشتگیری لە مافی ئێزدییەکان دەکات، بەڵکو بەردەوام پشتگیری لە مافی ھەموو پێکھاتەکان کردووە کە لە ھەرێمی کوردستان دەژین.
ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٥، بە چاودێری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە ھەمانگیی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش و زانکۆی دھۆک، کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتی لەبارەی ئێزدییەکان، ئایین، کولتوور، مێژوو و جوگرافیا، لە ھۆڵی کۆنفرانسی زانکۆکە دەکرێت، سەعید جەردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش لە دھۆک، زیاتر دەڵێ: ژمارەیەک لە توێژەران لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی بیانی، بەشداریی لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن و باس لە ئایین، مێژوو، جۆگرافیا و دابونەریتی ئێزدییەکان دەکەن.