سوپای عێراق بەردەوامە لە پێشێلکارییەکان لە بەرامبەر جووتیارانی کورد و لە پێنج گوندی کوردنشینی سنووری سەرگەڕان بڵاوەیان پێکراوە و چاودێری ھەر جمووجوڵێکی جووتیاران دەکەن و ڕێگری دەکەن لە بەکارھێنانی زەوییەکانیان، ئەمە لە کاتێکدایە یاساکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش نزیکەی ٣ مانگە ھەڵوەشاوەتەوە، بەڵام لە کەرکووک کاری پێ ناکرێت.
سوپای عێراق لە سنووری سەرگەڕان ھەر وەکو ئەوەی ھیچ ئەرکێکی دیکەیان نەبێت شەو و ڕۆژ بە ھەمەڕی سەربازییەوە بەدوای جووتیارانی کوردەوەنە و ناھێڵن تەنانەت بچنە سەر زەوییەکانیان، ئێستا ڕێگری لە ئاودانی ئەو چەند پارچە زەوییانەش دەکەن کە جووتیارانی کورد بۆ ئاژەڵەکانیان کردووە. جووتیارانی سنوورەکە، دەڵێن، وەکو ئەوەی سنوورەکەمان پڕ داعش بێت ئەوانە ھاتوون تیرۆر لەناو ببەن، ئەگەر داعش ھەبایە نەدەوێران بەو شێوە بڵاوببنەوە، بەردەوام بەناو زەوییەکاندا دەگەڕێن، بۆڕی ئاودانی زەوییەکانیان تێکداوە و لێ ناگەڕێن ھیچ کارێک بکەین. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، بە کیمیاباران و ئەنفالکردن و سووتانی دێھاتەکان نەیان توانی لەناومان ببەن، ئێستاش ناتوانن لەناومان ببەن و ڕۆژبەڕۆژ بەھێزتر دەبین، داواکارین لە سەرکردایەتی کوردستان شتێکمان بۆ بکەن بۆ ئەوەی بتوانین بە ئازادانە کاری خۆمان بکەین و زەوییەکانمان بکێڵین.
ڕێگرییەکان لە جووتیارانی کورد لە کاتێکدان، دوای چەند جارێک دواخستن بەھۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانی نێو پەرلەمانی عێراق، ٢١-١-٢٠٢٥ پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەر درا و بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ڕێکارەکانی ماون و نەچوونەتە واری جێبەجێکردنەوە.
دووشەممە ١٧ـی شوباتی ٢٠٢٥، سوپای عێراق لە گوندی شەناغە، ھەوڵیاندا ڕێگریی لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد بکەن، جووتیارانیش ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە ھەڕەشەکانی سوپا نەدا و دەستیان بە کێڵانی زەوییەکانیان کرد.
گرتە ڤیدیۆی یەکێک لە جووتیارانی گوندی شەناغە کاردانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا ھێنا، لە گرتە ڤیدیۆکەدا، سەربازێکی سوپای عێراق جووتیارەکەی لەسەر تراکتۆرەکەی بە ملپێچەکەیەوە ڕادەکێشا بۆ ئەوەی ڕێگریی لێ بکات لە کێڵانی زەوییەکەی، بەڵام جووتیارەکە سەرەڕای ئەوەی خەریک بوو بخنکێ، ئامادە نەبوو واز لە کێڵانی زەوییەکەی بھێنیت و گوتی: وەڵا لەسەر تراکتۆرەکەم دانەبەزم.
لە دوای خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، عەرەبە ھاوردەکان بە پاڵپشتیی ھێزە عێراقییەکان دەستیان بە داگیرکردنی زەوی و موڵک و ماڵی جووتیارانی کورد لە سنووری ١٢ گوندی ناحیەی سەرگەڕان کردووە و ئەم کێشەیە تا ئێستا یەکلا نەبووەتەوە سیاسەتی تەعریبیش لەو ناوچانە بەردەوامە.
بە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش لە پەرلەمانی عێراق ھیچ کێشەیەکی یاسای لەبەردەم زەوی جووتیارانی کورد نەماوە، بەڵام نزیکەی سێ مانگ دوای بڕیارەکە ھێشتا ھیچ ڕێکارێک بۆ جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارە دەرنەچووە، بەگوتەی بەرپرسانی کەرکووک، ڕەنگە چەند مانگێکی بوێت تا دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەبێ کێشە چونکە ئێمە پاڵپشتی یاساییمان ھەیە ئەو کاتەش بە ھەموومان فشار دەکەین بۆ ئەوەی بە گوێرەی ڕێنمایەکان یاساکە جێبەجێ بکرێت و نەھێڵین غەدر لە جووتیارانی کورد بکرێت.
لە سنووری سەرگەڕان لە کۆی نزیکەی ٣٠ ھەزار دۆنم زەوی کەمتر لە ھەزار دۆنم کێشەی موڵکداریان لەسەرە، بەڵام سوپای عێراق ڕێگە بە چاندن، یان ئاودان یان کێڵانی ئەو زەویانە نادات کە کێشەیان لەسەر نییە، یەکێک لە داواکاریە سەرەکییەکانی جووتیارانیش ئەوەیە دەستی سوپایان لێ دووربخەنەوە، پێیانوایە لەبڕی چارەسەر ھۆکارن بۆ قووڵکردنەوەی کێشەکانیان.
پێشتر شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی، ھیچ بەربەستێکی دیکە لەبەردەم گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن زەوییە ڕەسەنەکان بەگوێرەی یاسای گەڕانەوەی زەوی بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان نەماوە و خەڵکی کەرکووک، دووبز، پردێ، لەیلان، تازە، سەرگەڕان، داقوق، دووزخورماتوو، خانەقین و مەندەلی دەتوانن کاری خۆیان لەسەر زەوییەکانیان بکەن.