سلێمان تاشان – ههولێر
تیمەکانی خزمەتگوزاری و کۆمپانیای جێبەجێکار و شارەوانییەکان لە کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیجیی ئاوی هەولێر بەردەوامن و ئامانجیانە تا کۆتایی ساڵ هەموو پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن کە تا ساڵی ٢٠٥٠ هەولێر لە قەیرانی ئاو ڕزگار دەکات. پارێزگاری هەولێر دەڵێت هێڵی یەکەمی پڕۆژەکە تا سەرەتای مانگی تەمووز تەواو دەبێت و دەخرێتە خزمەتی بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر.
ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی گەرما کێشەی کەمئاویش بەرۆکی ژمارەیەک لە گەڕەکەکانی پایتەخت دەگرێت بە تایبەتی ئەو گەڕەکانەی پشت بە ئاوی بیر دەبەستن، وشکبوون یان دابەزینی ئاستی ئاوی بیرەکان و پەرەسەندنی ژمارەی دانیشتووان و فراوانتربوونی گەڕەکەکانی هەولێر هۆکار بووە لەوەی ئاوەکە بەشی دانیشتووان نەکات.
هەشتی ئابی ساڵی ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی ستراتیجیی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی هەولێری دانا . پڕۆژەکە، پێداویستیی ئاوی یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار کەس دابین دەکرێ کە لە سێ قۆناغ پێکدێت. قۆناغی یەکەم وەرگرتنی ئاو بە توانای بیست هەزار مەتر سێجا لە هەر سەعاتێکدا لە ڕووباری زێی گەورەیە و ئاوەکە بۆ پڕۆژە سەرەکییەکە دەگوازرێتەوە، دووەم بریتییە لە پاککردنەوە و پاڵاوتنی ئاو بە چەند قۆناغێکی جیاواز بە پشتبەستن بە نوێترین و پێشکەوتووترین ستانداردەکانی جیهان و لە بیست کۆگاوە ئەو ئاوە پاڵاوتنی بۆ دەکرێت.
لە قۆناغی سێیەمدا ئاوەکە دەگوازرێتەوە بۆ کۆگای سەرەکی کە توانای گلدانەوەی سەد هەزار مەترسێجا ئاوی هەیە و دواتر بۆ کۆمەڵێک کۆگای تر دەگوازرێتەوە و بە درێژیی پێنجسەد کیلۆمەتر هێڵی ئاو ڕادەکێشرێت و ڕووماڵی پێداویستی ئاوی هەولێر دەکات.
لە ڕووباری زێی گەورەوە ڕاکێشانی لوولە دەستی پێ کردووە و بەشێکی هەولێر تەواو کراوە و تەنانەت لە چەند گەڕەکێک کۆتایی بە ڕاکێشانی تۆڕەکە و گرێدانی بە تۆڕی کۆن هاتووە. وەک پارێزگاری هەولێر باسی کرد تا دوو مانگی تر پڕۆژەکە دەکەوێتە خزمەتی هاوولاتییانەوە.
دوێنێ، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر باسی لە دواین پەرەسەندنەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجیی ئاوی هەولێر کرد و گوتی تا سەرەتای مانگی تەمووز هێڵی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو دەبێت.
ئەو ڕوونی کردەوە هێڵی یەکەم لە تووڕەقەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە سەرکارێز، قەتەوی، ڕۆشنبیریی، فەرمانبەران و گەڕەکی ژیان و بەشێک بەڕچاو لە کێشەی ئاوی هەولێر پێوەندی بەو گەڕەکانەوە هەیە و تا ئەو کات پڕۆژەکە دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان بەڵام تەواوبوونی کۆی پڕۆژەکە تا کۆتایی ساڵ دەخایەنێت و سەرجەم ئەو شوێنانەی لەهەولێر کێشەی ئاویان هەیە گرفتەکەیان چارە دەبێت.
بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە هەندێک شوێن تیمەکان ناچار بوون بە ژێر پرد و بەربەستەکاندا تونێل لێ بدەن بۆ ئەوەی بتوانن لوولەکان بە یەکتری گرێ بدەن. لە کۆی سەد و بیست و حەوت گەڕەکی هەولێر زیاتر لە نیوەیان لە پڕۆژەکە سوودمەند دەبن. تێچووی پڕۆژەکە چوارسەد و هەشتا ملیار دینارە و لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت.
گرنگترین جێگرەوە بۆ ئاوی ژێر زەوی بەکاربردنی ئاوی سەرزەوییە بۆ مەبەستی خواردنەوە و کشتوکاڵ و بوارەکانی تری وەک پیشەسازی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی هەستی بەو مەترسییە کردووە کە بۆ سەر کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی دروست بووە و بۆیەش ئەو هەنگاوانەی ناوە و بەهۆیەوە سەدان بیر دادەخرێن و ئاوی ژێر زەوی وەک سامانێکی نیشتمانی بۆ نەوەکانی داهاتوو پاشەکەوت دەکرێت.
ئەمساڵ کە ڕێژەی باران لە ساڵی ڕابردوو کەمترە بایەخی ئەو پڕۆژەیە زیاتر دەردەکەوێت و ئەگەر دەست بۆ جێبەجێکردنی نەبرابا قەیرانی کەمئاویی ئەمساڵی هەولێر گەورەتر دەبوو بەڵام لە سایەی ئەو پڕۆژەیە کۆتایی پێ دەهێنرێت.