نێچيرڤان بارزانى و شا عه‌بدوڵڵا دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

پاشنيوه‌ڕۆى ئەمڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2025/4/27 لە عەممان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم کوڕی حسێن، شای شانشینی ئوردنيی هاشمی، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، پته‌وكردنى زياترى پەیوەندییەکانی شانشینی ئوردنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی هاوکاری لە بوارەكانى سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا، تاوتوێ کران، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى دوایين پێشهاتە ناوچه‌يى و نێودەوڵەتييه‌كانى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا بيروڕايان گۆڕييه‌وه.

نێچیرڤان بارزانی پێزانینی قووڵی خۆی بۆ هەڵوێسته‌كانى شانشینی ئوردنيی هاشمی له‌ پشتگيرى بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، هه‌روه‌ها پەیوەندییە مێژوویييه‌كان و دۆستايه‌تيى نێوان هەردوولاى به‌رز نرخاند.

لاى خۆيه‌وه‌ شا عەبدوڵڵای دووەم خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ پته‌وكردنى پەیوەندییەکان و هاوکاريی هاوبه‌ش لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە، هه‌روه‌ها داكۆكیی لە پابه‌نديى ئوردن بۆ پشتگيريى هه‌ر هەنگاوێک کرد کە ئاسايش و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ گەلانی ناوچەکە بەهێز بکات.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ پاراستنى سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا کردەوە و باسيان له‌ چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، كرد.