دوو کوردی ئێزدیی رفێندراو گەڕێندراونەوە باشووری کوردستان

ئەمڕۆ دوو کوردی ئێزدی دوای ماوەیەک لە ڕفاندنیان، ئەمڕۆ لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە گەڕێندرانەوە باشوری کوردستان و بە کەس و کاریان شاد بوونەوە.
سەراب ئیلیاس، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ژنانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق،  راگەیاند، دوو گەنجی ئێزدی کە  پێشتر لە منبج لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات ئازاد کرابوون، ئەمڕۆ بە فەرمی لە دەروازەی سنووری رەبیعەوە رادەستی هەواڵگریی عێراق کرانەوە.
دیار عەلی رەفۆ لە 23ی تشرینی یەکەمی 2024 و عوسمان خەیرۆ لە 12ین ئاداری  ئەمساڵ ئازادکراوە
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ژنانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش، کە لە پڕۆسەی رادەستکردنەوەکەدا لەسەر سنوور ئامادەبوو، گوتی، “دیار عەلی رەفۆ خەڵکی کۆچۆیە و لەدایکبووی ساڵی 2003یە، عوسمان خەیرۆ لەدایکبووی ساڵی 2006ـە و خەڵکی گوندی وەردییە لە گرعوزێر، ئەمانە ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوون.”