ڕائیب جادر – هەولێر
٥١ ساڵ لەمەوبەر، دوو فڕۆکەی جەنگی حکوومەتی بەعس، بەچەکی قەدەغەکراوی ناپاڵم بۆردوومانی پردی گەڵاڵەیان کرد و لەئەنجامدا زیاتر لە سەد کەس شەھید و برینداربوون، کە لاشەی زۆربەیان نەدۆزرانەوە و بوونە شەھیدی بێ گۆڕ، کە ئەو کات گەڵاڵە ناوەندێکی بازرگانی و ئیداری گرنگی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو، دوێنێ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و حزبی و خەڵکی ناوچەکە یادی بۆردومانەکە کرایەوە و داوایان کرد حکوومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاری شەھیدان بکاتەوە و کارەساتەکەش بە جینۆساید بناسێنرێت.
بەپێی قسەی شایەتحاڵەکان، لەنێو قوربانیانی بۆردوومانەکەدا منداڵ و پیرو ئافرەت ھەبوون، زۆربەی ئەو کەسانەشی بەر بۆردوومانەکە کەوتن، پۆلێک لە قوتابییانی زانکۆی کەرکووک بوون کە بۆ پەیوەندیکردن بە شۆڕشی ئەیلوول گەیشتبوونە ناوچەکە، وەک ڕێزێک بۆ گیانی قوربانیان لەلایەن ھونەرمەندێکەوە مینۆمێنتی کارەساتی پردی گەڵاڵە دروستکراوە و ساڵانە وەک یادکردنەوەیەک بۆ قوربانیان چەپکە گوڵی وەفا لەسەر مینۆمێنتەکە دادەنرێت.
دوای نیوەڕۆی ٢٦/٤/١٩٧٤ دوو فڕۆکەی جەنگی ڕژێمی بەعس ھاتنە سەر ئاسمانی گەڵاڵە و بە بۆمبی ناپاڵم، کە چەکێکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتییە پردی گەڵاڵەیان بۆردوومان کرد لەو بۆردوومانەدا زیاتر لە ١٠٠ کەس شەھید و برینداربوون، وەک ڕێزێک بۆ قوربانیان، مینۆمێنتێک لە شوێنەکە دروستکراوە، بەڵام بەشێکی زۆری شەھیدەکان تەرمەکانیان نەدۆزرایەوە، چونکە لاشەیان پارچەپارچە ببوو، زۆر لە ئەندامی شەھیدەکان وەک دەست و قاچ چەند مەترێک لە دووری شوێنی ڕووداوەکە دۆزرانەوە، یاخود لەسەر بەرزایی درەختەکان کۆ دەکرانەوە، بەشێکی زۆری بریندارەکانیش لەبەر سەختی برینەکانیان لە نەخۆشخانەی شۆڕش لە ناوپردان و کەوەرتە گیانیان سپارد، بەگشتی بەرکەوتوان زۆربەیان ئافرەت و منداڵ و بەساڵاچوو بوون.
بە گوتەی شایتحاڵەکان فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو بە چەکی قەدەغەکراو پردی گەڵاڵەیان بۆردوومان کرد، کە ئەوکات گەڵاڵە زۆر قەرەباڵغ بوو ھەندێک لە ھاووڵاتییانی خەڵکی ڕۆژھەڵات دوکانیان لە گەڵاڵە ھەبوو، چونکە شوێنێکی بازرگانی بوو، لەوکاتەی فڕۆکەکان ناوچەکەیان بۆردوومان کرد زۆربەی خەڵک بۆ خۆپاراستن لە ژێر بەردێکی گەورە کۆببوونەوە، فڕۆکەکە بۆمبێکی ناپاڵمی لە بەردەکەدا، خەڵکێکی زۆر شەھید و برینداربوون.
ناحیەی گەڵاڵە سەر بە قەزای چۆمانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، لە ساڵی ١٨٩٠ و لەسەردەمی حوکمرانی عوسمانییەکان کراوەتە ناحیە، لە ساڵی ١٩٢١ و لەکاتی دروستبوونی حکوومەتی عێراق وەک تاکە ناحیەی سنووری باڵەکایەتی بەناوی ناحیەی باڵەک مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، یەکێک بووە لە ناوەندە گرنگەکانی سیاسی و سەربازی ئەوسای شۆڕشی ئەیلوول، لە ھەمانکاتدا ناوەندێکی بازرگانی بووە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە گەڵاڵە کراوە، ھەر بۆیە ڕژێمی بەعس چەندین جار گەڵاڵەی کردووەتە ئامانج.
کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی شەھید و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ساڵانە یادی بۆردوومانی پردی گەڵاڵە دەکرێتەوە، ھەرچی شەھیدی بۆردوومانی پردی گەڵاڵەیە ھەر ھەموویان بە شەھید ئەژمار کراون، زەوی، یان یەکەی نیشتەجێبوونیان پێدراوە، داواش لە حکوومەتی عێراق دەکەین ھەرچی زووە ماددی و مەعنەوی قەرەبووی کەسوکاری شەھیدان بکاتەوە و ئەو کارەساتەش بە جینۆساید بناسێنرێت.