دەستەبەندی و ئامادەکاریی هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردن دەستی پێکردووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەرچەندە هێشتا سەرووی شەش مانگی ماوە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، بەڵام جووڵە و ئامادەکاری و دەستەبەندیی هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەستی پێ کردووە. یەکەم هەنگاو لە لایەن شیعەکانەوە نرا و ترازانی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەدواوە بووە کە هەندێک بە تاکتیک و هەندێکی تر بە شکست لێکی دەدەنەوە.

نۆی ئەم مانگە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە کە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوە دەچێت. دوای ڕاگەیەنراوەکەش بەرپرسانی باڵای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەکانی عێراق بە فەرمی بڵاویان کردەوە کە کۆمسیۆن دەست بە ئامادەکاری دەکات و توانای هەیە هەڵبژاردنەکە لەو کاتە دیاریکراوەدا بەڕێوە بەرێت.
ئەوەی قەرارە ڕووبدات یەکێک دەبێت لە گرنگترین پێشهاتە سیاسییەکانی ئەمساڵی عێراق کە کاریگەریی لەسەر چوار ساڵی تری ئیدارەدانی عێراق و پێوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ دراوسێکانی و جیهان و هەرێمی کوردستانیش دەبێت هەر بۆیەش هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەر لەو ڕۆژەوە کە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەستنیشان کرا، دەستیان بە جموجۆڵی سیاسی و هاوپەیمانێتی و خۆساغکردنەوە کردووە بەو هیوایەی بتوانن لە پەرلەمانی داهاتوو پێگەی خۆیان قایمتر بکەن یان بیپارێزن.
لەم ڕۆژانەدا دەستەبەندی و جووڵە سیاسییەکان بە تایبەتی لە نێو ماڵی شیعە زیاتر بووە، چونکە ئەوان پێکهێنەری حکوومەت بوون و بە لەبەرچاوگرتنی ڕووداو و گۆرانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان ئەو ئەگەرە زۆر بەهێزە لە داهاتووی نەخشەی سیاسیی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق گۆڕانکاری ڕیشەیی ڕوو بدات.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە پێکهێنەری حکوومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانییە، پێشی لایەنەکانی تری عێراق هەنگاویان نا. ئەوان لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هەوڵێکی زۆریان دا بتوانن لایەنە شیعەکان لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێکی هاوبەشدا کۆ بکەنەوە بۆ ئەوەی زۆرینەی پەرلەمان لە خولی نوێدا مسۆگەر بکەن بەڵام وا دیارە ناکۆکی لە نێو ئەو چوارچێوەیەدا هەیە و لەو کۆبوونەویەی ڕۆژی دووشەم کە لە نووسینگەی ھادی عامری، ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی بەدر بەرێوەیان برد بڕیاریا دا بە چەند لیستێکی جیاواز بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان لیستەکانیان یەک بخەن و لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دووبارە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، هەنگاوێک کە بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی عێراق بە تاکتیک و بەشێکی تر بە شکستیان هەژمار کرد.
لایەنە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەی هاوئاهانەگی شیعە چوار خولی لە دوای یەکی عێراق دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو، بەڵام دوای هەڵبژاردنی ٢٠٢١ دۆخی سیاسیی عێراق بەشێوەیەک ئاڵۆز بوو ئەو لایەنانەی شیعە کە دۆڕابوون حکوومەتیان پێکهێنا، نەک ئەوانەی سەرکەوتبوون. لە هەڵبژاردنی ١٠ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ ڕەوتی سەدر زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقی مسۆگەر کرد کە حەفتا و سێ کورسی بوون و لایەنەکانی تری شیعە کورسییەکانیان هەڵوەرین و تووشی دۆخێکی نالەبار بوون. دەبوایە فراکسیۆنی سەدر بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕاسپێردرێت بەڵام ئەمە هەرگیز ڕووی نەدا چونکە لایەنە دۆڕاوەکان، هاوپەیمانێتییەکیان بە ناوی هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دامەزراند و بەهۆی ئەوەی کە هیچ هیوایەکیان نەبوو حکوومەت دابمەزرێنن بڕیاریان دا ببن بە فاکتەرێک بۆ ڕێگریکردن لە دامەزراندنی حکوومەت.
سەدر کە نەیتوانی حکوومەت دابمەزرێنێت ناچار بوو پەرلەمانتارەکانی خۆی لە پەرلەمان بکشێنێتەوە و تەنانەت وازهێنانی خۆی لە کاری سیاسیش ڕاگەیاند، لایەنەکانی چوارچێوە بە پڕکردنەوەی بۆشایی کورسییەکانی سەدر لەپڕ لە کەمینەی شیعەوە بوونە زۆرینەی پەرلەمان و دواتر لووتکەی دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت.
بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئاست ناوچەکەدا روویان داوە ئەو پێشبینییە هەیە گۆڕانکاری ریشەیی لە کورسییەکانی نێو ماڵی شیعە رووبدات کە پۆستی سەرۆک وەزیران بە مافی خۆیان دەزانن و دەرەنجامی هەڵبژاردنی یازدەی یازدە سەنگی مەحەک دەبێت بۆیان و چاوەڕێ دەکرێ لەگەڵ نزیکبوونەوە کە کاتی هەڵبژاردن بازاڕی سیاسی گەرمتر بێت و ناو ماڵی سوننە و کوردیش بگرێتەوە.