په‌یامى فازڵ میرانی له‌ یادى شه‌هیدانى قه‌ڵادزێ

بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی، پەیامێکی لە ساڵیادی کارەساتی بۆردومانکردنی قەڵادزێ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت: “شەھیدانی قەڵادزێ بە گیانفیدایی خۆیان شکۆ و سەربەرزییان بۆ نەتەوەکەیان تۆمارکرد.”

دەقی پەیامی فازڵ میرانی:

ڕۆژی ٢٤ی نیسان یادێکی خەمناکی خەڵکی کوردستانە. لە ساڵی ١٩٧٤دا، کاتێک زانکۆی سلێمانی بە قوتابیان و مامۆستایان و کارمەندانییەوە ھاتنە نێو شۆڕش، بارەگای زانکۆی سلێمانی لە شاری قەڵادزێ داندرا، زانکۆکە لەو شارەدا درێژەی بە پرۆسەی خوێندنی ئاکادیمی خۆیدا.

ڕژێمی دڕندەی بەعس ڕۆژی ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ بە فڕۆکەی جەنگی ھێرشی کردە سەر زانکۆکە و تراژێدییاێکی بەرپا کرد و، لەو ھێرشەدا سەدان قوتابی و مامۆستا و کارمەندی زانکۆی سلێمانی و ھاوڵاتی شەھید و بریندار بوون.

لەم یادە خەمناکەدا، دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدانی قەڵادزێ دەنێرین کە بە گیانفیدایی خۆیان شکۆ و سەربەرزییان بۆ نەتەوەکەیان تۆمار کرد، ئەو دوژمنەی قەڵادزێی بۆردوومان کرد، بێ لە ڕیسوایی ھیچی دیکەی بۆ نەمایەوە.

فازڵ میرانی

بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی

٢٤-٤-٢٠٢٥