لە هەولێر تۆمەتبارێك دەستگیر كرا كە سێ ساڵ بەر لە ئێستا كەسێكی كوشتبوو

پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێكی دەستگیر كرد كە سێ ساڵ بەر لە ئێستا بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی كەسێكی كوشتبوو و هەڵهاتبوو بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان.

پۆلیسی هەولێر ڤیدیۆی ساتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكەی بڵاوكردەوە و رایگەیاند “سێ ساڵ پێش ئێستا تاوانێکی کوشتن لە شاری هەولێر ئەنجامدرا و تۆمەتبار ڕای کرد بۆ دەرەوەی شاری هەولێر و هەرێمی کوردستان”.

سەبارەت بە سەرەتای رووداوەكە، پۆلیس رایگەیاند “لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەمەقاڵێ لەنێوان چەند کەسێک ڕووی دا، لە ئەنجامدا توندوتیژی لێ کەوتەوە و چەک بەکار هات و تەقە کرا و کەسێک کوژرا”.

هەروەها رایگەیاند “دوای رووداوەكە تۆمەتبار هەڵات، بەڵام بەهۆی ئەوەی پۆلیس بە وردی چاودێری دەکرد، دوای گەڕانەوەی بۆ شاری هەولێر، تۆمەتباری ئاماژەپێکراو بە زووترین کات لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرا”.

ئاماژەی بەوەش دا كە کە لە کاتی دەستگیرکردنیدا، تۆمەتبارەكە چەکی جۆری کڵاشینکۆف و دەمانچەی پێ بوو و دەستیان بەسەردا گیرا.