سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا كۆبووه‌وه‌

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2025/4/23 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازيی لە بەڕێز ژۆن نوێل باروو، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و شاندێكى ياوه‌رى کرد کە به‌ سەردانێکی فەرمی له‌ عێراقن.

لە كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا هەردوولا گفتوگۆیەکی فراوان و بەرهەمداریان دەربارەی چۆنيه‌تيى بره‌ودان به‌ پەیوەندییەکانی فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ئه‌نجام دا و ده‌رباره‌ى پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە به‌گشتى، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

سەرۆک نێچيرڤان بارزانی جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان دۆستایەتی و پەیوەندییە مێژووییيەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان به‌رز هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، هەروەها خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەش لە هەموو بوارەکان، بەتایبەتی لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و هاریکاریی ئابووری و کولتووریدا، نيشان دا.

بەڕێزيان سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆیان بۆ فەرەنسا و بەڕێز سەرۆک ماکرۆن دووپات کردەوە بۆ پشتگیریی بەردەوامیان لە عێراق و لە گەلی کوردستان، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا. هه‌روه‌ها ڕايگه‌ياند: چاومان له‌ بەردەوامیی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەشه‌ بۆ خزمەتکردنی ئاشتی و گەشەسەندن لە ناوچەکەدا.

لای خۆیەوە، بەڕێز وەزیری دەرەوەی فەرەنسا خۆشحاڵيی خۆی بە سەردانه‌كه‌ی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ده‌ربڕى و جەختى له‌ خواستى وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا كرده‌وه‌.

به‌ڕێزيان داكۆكى له‌وه‌ كرد كه‌ فه‌ره‌نسا وه‌ك هاوبه‌شێك به‌ بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، دووپات كرده‌وه‌.

دۆخى سووريا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ له‌ لێدوانێکی ڕۆژنامه‌وانیدا باسیان له‌ ناوه‌ڕۆکی کۆبوونه‌وه‌که‌یان کرد.

سه‌ره‌تا سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی گوتی:

زۆر خۆشحاڵم ئه‌م ئێواره‌يه‌ لێره‌ له‌ هه‌ولێر پێشوازيم له‌ جه‌نابى مسيوو ژۆن نوێل باغوو، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كرد.
سوپاسی جه‌نابيان دەکەم بۆ سەردانيان بۆ هەرێمی کوردستان. ئێمە گفتوگۆیەکی فراوان و بەرهەمدارمان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هه‌رێمى کوردستان و فەرەنسا و گۆڕانکارییەکان لە عێراق و ناوچەکەدا، ئه‌نجام دا.

ئێمه‌ دۆستايه‌تى و پەیوەندیی مێژوویيی فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌رز هه‌ڵده‌سه‌نگێنين. جەخت له‌ پابەنديمان بە پەرەپێدانی پەیوەندییه‌كان‌ و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شمان له‌ هەموو بوارەکاندا ده‌كه‌ينه‌وه‌. بەتایبەتی لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، هاريکاريی ئابوورى و کولتووری و بواره‌كانى تريش.

هه‌ر له‌م ده‌رفه‌ته‌دا سوپاس و پێزانينى قووڵمان بۆ فەرەنسا و جه‌نابى سه‌رۆك ماكرۆن دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌، بۆ پشتگیریی بەردەوامیان له‌ گەلی کوردستان، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا.
چاومان له‌ بەردەواميی هاوکارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوانمانه‌ بۆ خزمەتکردنی ئاشتی و گەشەسەندن لە ناوچەکەدا.
دووباره‌ زۆر به‌ خێر بێن جه‌نابى وه‌زير.

پاشان به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا گوتی:
بەڕێز سەرۆک، ئازیزم نێچیرڤان بارزانی، مایەی خۆشحاڵیی گەورەمە کە ئەمڕۆ لێرەم لەگەڵتان لە هەولێر، لە یەکەم سەردانمدا بۆ عێراق، سەردانێک کە نەمدەتوانی بیری لێبکەمەوە بەبێ وەستان لە دڵی هەرێمی کوردستان.

دەمەوێت سوپاستان بکەم، هەروەها سوپاسی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، بۆ گەرمیی پێشوازیکردن و نیشانەی دۆستایەتیتان. دۆستایەتییەکی تایبەت هەیە لە نێوان فەرەنسا و کوردستان، لە نێوان گەلی کورد و گەلی فەرەنسا. لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵدا، پەیوەندیی بەهێز و برایانەمان گەشەپێداوە، که‌ لەسەر خەباتی هاوبەش و پابەندبوون بە ئازادی، دامەزراوە.

فەرەنسا یەکەم دەستپێشخەریی کرد، لە ٥ی نیسانی ١٩٩١، بۆ هاندانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو پەسەندکردنی بڕیاری ٦٨٨، کە ڕێگەی بۆ خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە عێراق خۆشکرد.

لە ساڵانی ڕابردوودا، جەنگ دژی داعش فاکتەرێک بوو بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان و دەتوانم بڵێم کە لە نێوانماندا (برایەتیی چەک)ی ڕاستەقینە هەیە. هێزەکانمان بەردەوامن لە شەڕکردن لە پاڵ پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات.

دەمەوێت لەبەردەمتاندا ستایشی ئازایەتی و فیداکاریی هێزەکانی پێشمەرگە بکەم. ئاشتی و گەشەسەندن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت بەدەست بێت بەبێ پاراستنی فرەیی لە ناوچەکە. ئەوەم پێش کەمێک بە پەتریارکی کلدانی مار لویس ساکۆ گوت کە دڵسۆزیی نەگۆڕی فەرەنسام بۆ دووپات کردەوە.

ئەمڕۆش، دووبارە بۆ جەنابی سەرۆک و بۆ دەسەڵاتەکانی هەرێم بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، هاریكاریی فەرەنسا و ڕۆحی دیالۆگ کە تایبەتمەندیمانە، دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌.

سەرەتای هاریكاریمان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، دوژمنی هاوبەشمان کە سەرەڕای لاوازی، هێشتا تواناى دروستكردنی مه‌ترسییان هەیە. نە فەرەنسا، نە کوردستانی عێراق کە هەردووکیان زۆر ئازاریان بینیوە لە تیرۆری ئیسلامی، ناتوانن سازش بکەن یان پاشەکشە لە دەستکەوتەکانی دە ساڵ خەبات بکەن.

ئێمە هێشتا سوورین لەسەر پێشکەشکردنی هەموو پشتگیرییەکی پێویست بۆ هاوبەشەکانمان لەم ململانێیەدا، هەروەها هاوكاری له‌باره‌ی ده‌رئه‌نجامی ناکۆکییەکان کە ناوچەکە بە تەواوی دەهەژێنن.

ناوەندەکانی قەیران زۆرن، لە جەنگی غەزەوە بۆ گرژیی لەگەڵ ئێران، هەروەها دەرئەنجامەکانی ڕووخانی بەشار ئەسەد و ئاستەنگەکانی قۆناغی گواستنەوە لە سووریا.

ئەگەر هەولێر لە ساڵی ٢٠٢٣ و كانوونی دووه‌می ٢٠٢٤دا بەر هێرش کەوتبێت، عێراق و هەرێمی کوردستان بە گشتی توانیویانە خۆیان لەو گرژییە هەرێمییانە دوور بگرن، بەڵکوو بەشداریشیان کردووە لە هەوڵەکانی هێورکردنەوە.

دیالۆگی سیاسی و دیپلۆماسی کە لەگەڵ دەسەڵاتەکانی هەرێم دەیکەین، بەهایەکی زۆری هەیە، بۆ شکاندنی بازنەى توندوتیژی کە هێرشی تیرۆریستیی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ هەڵیگیرساند.

جەنابی سەرۆک، ئاماژە بە هەماهەنگیی نزیکمان دەکەم، بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی جەنەراڵ مەزلووم و هەموو هێزە سیاسییەکانی کورد لە سووریا و یەکخستنی ڕیز و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی گواستنەوەی بەردەوام لە سووریا، بە جۆرێک کە فرەیی و مافەکان و بەرژەوەندییەکانی کورد و هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووری و بەردەوامیی جەنگی دژی تیرۆری ئیسلامی دابین بکات. پاش کەمێکی دیكه‌ گفتوگۆ لەگەڵ جەنەراڵ مەزلووم دەکەم لەسەر ئەم بابەتە.

لە بەرامبەر ئەم ئاستەنگانەدا، فەرەنسا باوەڕی وایە کە هێزی دامەزراوە دیموکراتییەکان، کە هەرێمی کوردستان نموونەكه‌یه‌تی لە ناوچەکەدا، بەشێکی گرنگە. ئەمەیە واتای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان کە لە هەرێمدا لە ئۆکتۆبەری ڕابردوو ئەنجامدران، هەروەها هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فیدراڵی کە بۆ پایزی داهاتوو دیاریکراون.

فەرەنسا پشتگیری کردووە و بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنانە. ئەمەش گرنگییەکی زۆر دەدات بە گفتوگۆ بەردەوامەکان لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم، بە جۆرێک کە توانای کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناسەقامگیریی هەرێمی بەهێز بکات.

لە کۆتاییدا، ئەمە واتای ئەو دیالۆگەیە کە لە نێوان هەولێر و بەغدایە و فەرەنسا وەک دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی یەکێتیی عێراق و ئاسایش و گەشەسەندنی دەیبینێت و بە هه‌مان شێوه‌ ئەمنیەت و گەشەسەندنی هەرێم لە ناویدا.

زۆر شتمان هەیە پێکەوە بیکەین جەنابی سەرۆک، وەک فەرەنسی و کورد. هەوڵەکانمان لە بواری دیپلۆماسی و کولتوور لە کوردستان ڕەنگدانەوەی هەیە لە پرۆژەی بەرجەستەی ڕۆژانە. هاتووم بۆ لاتان بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمان بەم پەیوەندییە و ئارەزوومان بۆ گەشەپێدان به‌مه‌به‌ستی دروستکردنی داهاتووی هاوبەش.

ئەمە ئامانجە لە پشتگیریمان بۆ پەروەردەی گەنجان لە ڕێگەی پەیمانگه‌ی فەرەنسی لە هەولێر و پەیمانگەی فەرەنسی بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک و هەردوو قوتابخانەی فەرەنسی “دانیێل میتران” لە سلێمانی و هەولێر.

ئەم دامەزراوانە بەشدارن لە بڵاوکردنەوەی زمانی فەرەنسی و کولتوور و ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و زانستی. هەروەها ئێمە کار بۆ پشتگیریی گەشەسەندنی ئابووری لە کوردستان دەکەین، لە ڕێگەی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان کە ڕێگەیەکە لەگەڵ فۆرمی ئابووریی فەرەنسی-کوردی دەستی پێکرد کە لە سێپتەمبەری ڕابردوودا بەستران و کار دەکەین بۆ زیاتر بەهێزکردنی.

ئەمانە ئەو بابەتانەن کە ویستم بە متمانەوە لەگەڵتان گفتوگۆی لەسەر بکەم جەنابی سەرۆک، هه‌روه‌ها لەگەڵ دەسەڵاتەکانی هەرێم. ئەوەم کرد بە ڕۆحی دۆستایەتی و هاریكاری و دڵسۆزی کە تایبەتمەندی پەیوەندییەکانی فەرەنسی-کوردیمانە.

دووبارە سوپاس بۆ پێشوازیتان.