ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەى فەرەنسا کرد.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی هەولێر دەربڕی و ئاماژەی بە دۆستایەتیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرد و گوتی هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکوومەت و گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم لە کاتێکی نزیکدا.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال و گرنگیی دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و ڕيزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و هەروەها دەستپێکردنەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.