پشتیوان سادق: وتاری ئاینی لە هەرێمی کوردستان، وتارێکی میانڕەوە

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە هەرێـمی کوردستان وێرای مزگەوتەکان، نزیکەی 400 شوێنی پیرۆزی دینەکانی دیکە و 200 کەنیسە هەیە، هاوکات گوتیشی، وتاری هەینی ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە کەلتووری فرەدینی لە هەرێـمی کوردستان.

چوارشەممە 23ـی نیسانی 2025، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان، لە وتارەکەیدا لە ڕێوڕسمی نزای نیشتیمانی ڕایگەیاند “هەرێـمی کوردستان، ئاینی جیاواز و پەرستشی جیاواز لە خۆ دەگریت، هاوکات لە هەموو چالاکییە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە فرەدینی هەرێـمی کوردستان بانگهێشت دەکرێت.  خەباتی خەڵکی کوردستان وێرای ئەوەی لە پێناو ئازادی نەتەوەییدا بووە، هاوکات لە پێناو ئازادی دینی و پێکەوە ژیان بووە.”

پشتیوان سادق، جەختیشی کردەوە، چەندین جار لە کۆبوونەوەکاندا لەلایەن، مەسرور بارزانی، سەرۆکی هەرێـمی کوردستان، پشتڕاست کراینەتەوە کە دەبێت ڕێگە بە هەموو دینەکان بدرێت بە ئازادی پەرستشی خۆیان بکەن.

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان، ڕاشیگەیاند، وتاری ئاینی لە هەرێمی کوردستان، وتارێکی میانڕەوە، بە تایبەت وتارەکانی ڕۆژانی هەینی کە نزیکەی یەک ملیۆن کەس بەشداری تێیدا دەکەن و بووتە ڕێگە خۆشکەر بۆ کەلتووری فرەدینی لە هەرێمی کوردستان.
گوتیشی: کۆنسۆلی ئەمەریکا دەستخۆشی لەو کارانە کردووە کە لە مزگەوتەکانی هەرێـمی کوردستان ئەنجام دەدەرێن.

لە بارەی دینی کریستیانی لە هەرێمی کوردستان پشتیوان سادق ڕایگەیاند “زیاتر لە 14 مەزهەبی جیاوازی کریستیانی لە هەرێـمی کوردستان هەن، هاوکات عەنکاوە گەورەترین شاری کریستیانەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیاتر لە 20 کەنیسەی لێیە.”

هەروەها گوتیشی: لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 کەنیسە و 400 شوێنی پیرۆزی ئاینەکانی دیکە هەیە.

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا باسیشی لەوە کرد، بەشداریکردنی ئەو هەموو کەسایەتییە ئاینییە لەم چالاکییەدا، هاندانی زیاترە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا چالاکی زیاتری نێودەوڵەتی بەڕێوە بچێت.

پشتیوان سادق ئاماژەی دا، وەزارەتەکەمان بە ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیەکان، واتە بۆ هەموو ئاینەکانە، ئەو ناوەش ئاماژەیە بۆ سیاسەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی بەرانبەر ڕیزگرتن لە فرە دینی