میری ئێزدییەکانی: لە سایەی سەرۆک بارزانییەوە هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنی هەموو ئایین و پێکهاتەکان

میری ئێزدییەکان دەڵێت: سیاسەتی سەرۆک بارزانی بۆ پێکەوەژیان لەگەڵ فرە ئایین و پێکهاتەکان وایکردووە، هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنێک بۆ هەموو ئایین و پێکهاتەییەک و هەمووشیان دەتوانێت لە حکوومەت ڕۆڵیان هەبێت.

میر حازم میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییەکان لە گوتارەکەیدا لە ڕێوڕەسمی نزای نیشتمانی لە هەولێر ڕایگەیاند، سیاسەتی سەرۆک بارزانی بۆ برایەتی و مرۆڤایەتی، ڕژدبوون لەسەر یەکێتیی کۆمەڵایەتیی و بایەخدانی زیاتر بە گیانی لێبوردەیی لەگەڵ ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ ئەوەی هەموویان بە یەکەوە بژین، وایکردوو هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنێک بۆ گشت ئایین و نەتەوەکان تاوەکوو بەیەوەکە بژین.

ڕاشیگەیاند، ئێزدییەکان بەهۆی سەرۆک بارزانی و  ئەو سیاسەتەی بۆ ئازادی و فرەئایینی هەیەتی، توانیویانە ژیانێکی باشتر و شکۆمەندتر بەرجەستە بکەن.

میری ئیزدییەکان دەڵێت: ئەزموونی دیموکراسیی هەرێمی کوردستان کاریگەری بەسەر هاووڵاتییانی هەبووە، بە شێوەییەک ڕێگە خۆشکەر بووە بەرانبەر هەموو پێکهاتەکان، هاوکات دەرفەتی بە هەموو پێکهاتەیەک داوە بەشداری حکوومەت بکەن بۆ ئەوەی داوای مافەکانی خۆیان بکەن.

میری ئێزدیان ئاماژەیدا، ئەو دیموکراسییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، وای کردووە ئێزدییەکان بگەنە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ناوەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی  تایبەت بە خۆیان هەبێت، ئەمەش هاوکاربووە لە ناساندنی کۆمەڵگە و کولتوری ئایینی ئێزدی بۆ هەموویان و ڕاستکردنەوەی ئەو بۆچوونە هەڵانەی لەسەر ئێزدییەکان هەبوو.

کاتژمێر 8:00ـیی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتان و نوێنەرانی حکوومەتەکان لە ئەمەریکا، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر دروشمی ( بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا)، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان دەستی پێ کرد.