ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی کۆماری قوبرس کرد بە سەرۆکایەتيی سالینا شامبۆس، بەرپرسی کاروباری سیاسی لە وەزارەتی دەرەوەی قوبرس و نێردەی ئەو وڵاتە بۆ پاراستنی کریستیانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە سێڤاگ ئەڤێدسیان باڵیۆزی نوێی قوبرس لە عێراق ئامادەی بوو، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی وێڕای دووپاتکردنەوەی خواستی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونیشی لە باڵیۆز کرد و پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕی.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، شاندی قوبرس سڵاو و ڕێزی سەرۆک کۆماری قوبرسیان بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و ئامادەیی وڵاتەکەیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشان دا .