کوردستانیان ئەوە بە وەفاداری دەزانن بەرامبەر خەبات و تێکۆشانی نەمران

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە بەردەوامی سەردانی جەماوەری بۆ بارزان کە ڕۆژانە بە ھەزاران کەس لە چین و توێژەکانی کوردستان سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەکەن، دوای پێشوازی لێکردن لەلایەن خەلات بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی و دانانی تاجەگوڵینە سۆز و پەیمان بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نوێ دەکەنەوە و بەڵێن دەدەن تا ماون لەسەر ئەم ڕێبازە درێژە بە خەبات و قوربانی دان بدەن تا بە ئاواتەکانیان دەگەن.

ڕۆڵ و کاریگەریی بیر و خەباتی بارزانیی نەمر، لە کوردستان و لەنێو ھاوکێشە و لەسەر شانۆی سیاسی ناوچەکە و جیھان ھێزێکی کاریگەرە، چۆن ھەوڵی ناساندن و پاراستنی دۆز و مافی گەلەکەی داوە و تەحەدای ھەموو فشار و پەلامار و ململانێیەکانی زڵھێزان و وڵاتانی دژ بە کورد و پیلانگێڕ لە پێناو بەرژەوەندییە تەماحکارییەکانیانی کردووە، ئەم واقیعە لە سەدەی ڕابردوودا ھەر چەندە کاریگەری خراپ و ڕێگری زۆری لەبەردەم پێشکەوتنی دۆزی کوردستاندا ھەبوو بێ، بەڵام ھاوکات بە لێزانی و خەباتی بەھێزی بارزانیی نەمر نەھێڵدراوە داگیرکەران و دوژمن و نەیاران بە گشت پیلان و مەرامە ناڕەواکانیان لەسەر حیسابی کورد و دۆزەکەی بگەن و ھەر ئەم تێکۆشان و خۆڕاگری و بەرپەرچدانەوەیەی ئەم ڕابەرە لەگەڵ ئەو ھەلومەرجە بەردەوامەدا لە سەدەی بیستەم، وایکرد ئەم گەلە دەیان ھەوراز و نشێو ببڕێ و کۆڵنەدەرانە بە خەبات و قوربانیدانی خۆی بگاتە ڕاپەڕین و دەسکەوتەکانی نێو قەوارەی ئەمڕۆی کە لە ھەرێمی کوردستان دا بەرقەرارە.
ئەم ڕابەرە مەزنە دوای خۆی نەک تەنیا ئەزموونێکی پاک و بەھێزی سەرکردایەتیکردن و کولتوورێکی تەندروستی بۆ خزمەتکردنی گەل و خاکی کوردستان جێھێشتووە، بەڵکو بارزانیی نەمر، توانیویەتی ببێتە ئاوێنەی بوون و مانەوەی گەل و نیشتمانەکەی و ئەو سیمبولە مەزنەی کە مێژوو بە شوناس و ڕۆشنکەرەوەی ئاسۆی سەرفرازی نەتەوەیەک گوزارشتی لێ بکات، نەک ھەر لە قۆناغەکانی ڕزگاریی نەتەوەیی، بەڵکو دوای سەربەخۆیی، گەلەکەشی ھێشتا بیروباوەڕ و خواست و ئامانجی ئەو وەک قوتابخانەیەک بۆ پەروەردەی فیکری و ھەڵوێست و ئاراستەی دروستی ئەرکەکان نەخش و ڕێنمایەکی کارا دەگێڕێ و بۆ ھەمیشە نەوەکانی گەلەکەی، وەکو مەرجەعێک، بە پەیڕەوکردن و گەڕانەوە بۆ بیر و باوەڕ و ڕێبازی تێکۆشان و ئاکارەکانی ئەو، چالاکترین وانە و گوڕوتین فەراھەم دەکەن و لێرەوەیە دەتوانن بە شاڕێگەی کاروانی تەندروستی ژیان و پارێزراوی قەوارەی سیاسی و نیشتمانی و پەرەسەندنی بەردەوامی کۆمەڵگەدا ھەنگاوی تۆکمە بھاوێژن، ھەروەک مارتن ڤان برۆنسن دەڵێ: نەوەکانی داھاتووش دەبێ بارزانی بکەن بە ئاوێنەیەک بۆ دروستکردنی دواڕۆژ.
شاکر مەحموود، کە لە سلێمانییەوە ڕووی لە بارزان کردبوو، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ڕێبازی بارزان، ڕێبازی خواناسی و خواپەرستی و مرۆڤدۆستییە، پێکەوەژیان و نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزییە، لەسایەی ئەو ڕێبازە بووینەتە خاوەن دۆز و گەیشتووینەتە کەنارێکی ئارام، ئەمڕۆش لە کوردستانێکی ئازاد لەژێر سەرکێشی و مەرجەع و ڕێبەری کوردان سەرۆک بارزانی ئەو ڕێبازە بەردەوامە تا بە ئاواتەکانمان دەگەین ئەویش سەربەخۆی کوردستانە، تا یەک دڵۆپ خوێن لە گیانی ئێمەدا مابێت لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوام دەبین.
عەیز ئەحمەد، پێشمەرگەیەکی ئەیلوولە و لە دھۆکەوە سەردانی مەزاری نەمرانی کردبوو، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بارزانیی نەمر بندەستی ڕەتکردەوە و لە چیاکانی بارزان، شۆڕشی بەرپا کرد، توانی ھەموو ئەو بەربەستانە ببڕێت و شۆڕش لە دوای شۆڕش بەرپا بکات و داوای مافی خەڵکی کوردستان بکات، بۆیە ھەموو تەمەنی لە پێناو خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریی گەلی کوردستان بەخشی و تا دواساتەکانی تەمەنیشی بیر و فکری ھەر لای نەتەوەکەی بووە، بەھۆی لێزانی و زیرەکایەتی و ملکەچنەکردنی بۆ دوژمنانی گەلی کورد، دوو جار لە ھەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە، ئەوەی پێی کراوە بۆ نەتەوەکەی و پێی باش بووە کردوویەتی و خەون و ئامانجی ھەرە گەورەی ئەوە بوو کە خزمەتی میللەتی خۆی بکات، بتوانێت ئەو زولمەی لەسەر خەڵکی کوردستان ھەیە نەھێلێت و مافی کورد بە دەست بھێنێت.
زریان ڕەشید، ئەویش کە سەردانی مەزاری نەمرانی کرد بوو، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: مەبەستی ئێمە بۆ مەزاری نەمران ئەوەیە کە وەک وەفاداریەک بۆ سەرکردەیەک کە ھەموو ژیانی خۆی گۆری میللەتەکەی خۆی کردووە، کەسێک کە ھەموو ژیانی خۆی قوربانی میللەتەکەی بکات، نامرێت و لە دڵی گەلەکەی ھەر زیندوو دەمێنێت، تاکە بزاوی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان ڕێبازی پارتی و بارزانییە، ئەمڕۆش درێژەی ھەیە و درێژەپێدەری ئەو ڕێبازەش سەرۆک بارزانییە، پێویستە خەڵکی کوردستان یەک دەست بن و لەسەر ڕێبازی بارزانیی نەمر بەردەوام بن تا گەلی کورد بە ئاواتەکانی خۆی دەگات.
نازدار حوسێن، کە لە سلێمانییەوە ھاتبووە بارزان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە، بارزان لانەی شێران، ڕەمزی قوربانیدان و بەرخودان و قوتابخانەی کوردایەتی و کۆڵنەدانە و ئێمە لەسەر ئەو ڕێبازە پیرۆزە بەردەوامین و بۆ ئەوە ھاتووینە سەر ئەو خاکە پیرۆزە پەیمان نوێ بکەینەوە کە بەردەوام دەبین لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی کە ڕێبازی ڕاستەقینەی کوردایەتی و کۆڵنەدانە.