قەیرانە داراییەکەی توركیا كەی دەبڕێتەوە؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

مێژووی وڵاتی توركیا هەمیشە قەیرانی دارایی بووە، هەموو هەوڵێكی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی توركیاش، تەنیا بۆ ماوەیەكی كاتی قەیرانی داراییەكان چارەسەر كردووە، پاشان قەیرانەكە بە قوڵی سەری هەڵداوەتەوە. لە ٢٠٢٥دا، قەیرانی دارایی لە توركیا زۆر سەخت بووە، تەنانەت هەموو ئەو پلانەی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی داراییی دانرابوو، بەدەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ شكستی هێنا.

لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٢، یەكێك لەو هۆكارانەی وای كرد، ئاكەپە ببێتە زۆرینە و بەتەنیا حكوومەت پێك بهێنێت، بوونی قەیرانی دارایی بوو لەو وڵاتە، بەڵام ئاكەپە بە سەرۆكایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، زیرەك بوو لەوەی تا ٢٠١٥ رەوشی ئابووریی لە توركیا باش كرد، تەنانەت وای لێ هاتبوو، هاووڵاتیی توركیا دەیانگوت، لە هیچ سەردەمێكدا توركیا ئەو خۆشییەی ئێستای بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام لە دوای ٢٠١٥، ئیدی قەیرانی دارایی لە توركیا سەری هەڵدا و تاوەكوو ئێستا بەشێوەیەكی زۆر سەخت و بێزارەكەی بۆ گەلی توركیا بەردەوامە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا و جیهانی بڵاو كراوەتەوە، توركیا لەوكاتەوەی شەڕی لەگەڵ پەكەكەدا هەڵگیرساندووە لە ١٩٨٤، زیاتر لە ٣ترلیۆن دۆلاری خەرج كردووە، بە شێوەیەكی تر سێ ترلیۆن دۆلار زیانی بەركەوتووە، بۆیە كەمال بوركای، نووسەری دیاری باكووری كوردستان دەڵێت: ”ئەگەر ئەو پارەیە لە گەلی توركیا خەرج بكرایە، ئایە لە توركیا شتێك دەما بە ناوی قەیرانی دارایی؟
هەموو شرۆڤەكارانی سیاسی لە توركیا كۆكن لەسەر ئەوەی، هۆكارە هەرە سەرەكییەكەی قەیرانی دارایی لە توركیا بە درێژایی ١٠٠ ساڵی رابردوو، چارەسەرنەكردنی پرسی كورد بووە لەو وڵاتە، چونكە هەرچەندی کورد ئینكار بكرێت، وەبەرهێنەری بیانی زیاتر لە توركیا دوور دەكەونەوە، هەروەها بەناچاری دەبێت پارەیەكی زۆر بۆ كەرتی سەربازی دابین بكرێت، لە كاتێكدا ئەو پارەیە بۆ خۆشی هاووڵاتیان بەكاربێت، شتێك نامێنێت بەناوی قەیرانی دارایی.
دوای ئەوەی لە رێکەوتی ١٩/٣/٢٠٢٥ـدا، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر كرا، رەوشی ئابووریی خراپتر بوو، چونكە وەكوو ئەوەی ئاژانسی (رۆیتەرز) و بەشێكی زۆری میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، لەوكاتەوەی ئیمامئۆغڵو دەستگیر كراوە، حكوومەتی توركیا ٥٠ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە، هەروەها ئەو پلانەی محەممەد شیمشەك، وەزیری دارایی و ئابووریی توركیا داینابوو بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی، هەموو تێك چوو.
ماڵپەڕی (T24)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەر ئیمامئۆغڵو لە زیندان بەر نەدرێ و جەهەپەش بەردەوام بێت لە خۆپیشاندان، رەوشی ئابووریی زۆر خراپ دەبێت، تەنانەت باس لەوە دەكرێت رەنگە یەك دۆلاری ئەمریكی ببێتە ٥٠ لیرەی توركی، كە ئێستا نزیك بووەتەوە لە ٤٠ لیرە، ئەمەش باجەكەی بۆ هاووڵاتیان قورسە.
بەڵام ئەگەر ئەو پرۆسەی چارەسەرییەی كورد لە توركیا دەستیان پێ كردووە، بگاتە ئەنجام و پەكەكە چەك دابنێت و حكوومەتیش پرسی كورد لەناو پەرلەمان و بە هەمواركردنەوەی دەستوور چارەسەر بكات، ئەوكات توركیا لە ڕووی ئابوورییەوە هەناسەیەكی باش دەدات و ساڵ بە ساڵیش رەوشەكە بەرەو باشی دەچێت، چونكە هەموو ئەو پارە زەبەڵاحەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەكەكە خەرجی دەكرد، ئەوكات بۆ باشبوونی رەوشی ئابووریی خەرجی دەكات، بەمەش قەیرانی دارایی سووك دەبێت و بەرەو نەمان دەچێت.