ڕائیب جادر – هەولێر
پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان بووەتە خاڵێکی گرنگ و کاریگەر لە ئاستی دنیادا، ئەمەش وایکردووە لە زۆربەی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان، ھەرێمی کوردستان بانگھێشت بکرێت و بەچاوی ڕێزەوە لەم پێکەوەژیانە بڕوانن و لە ئاستی نێودەوڵەتی گرنگی بە ڕۆڵ و پێگەی کوردستان بدرێت. وەحیدە یاقو ھرمز، ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی گردبوونەوەی گەلی کلدانی سریانی ئاشووریی لە پەرلەمانی کوردستان، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھەرێمی کوردستان نموونەی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینەکانە، سەرۆک بارزانی فاکتەرێکی گرنگە بۆ بەھێزکردنی ئەو پێکەوەژیانە. دەشڵێ: لە عێراق گرنگی بە پێکھاتەکان نادرێت، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی ھەرێم زۆر گرنگی بە پێکھاتەکان دەدات.
لە کابینەی نۆیەم، پلانی تۆکمەی ئەندازیاری داڕێژراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنی پێکھاتەی ئایین و ئاینزاکان، لە ھەرێمی کوردستان ھەشت پێکھاتەی ئایین و ئاینزا ھەن و سەرجەمیان لە چوارچێوەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا مۆڵەت پێدراون و بەپێی یاسا ڕێکخراون و لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەک بە ناوی (پێکەوەژیانی ئایینی) چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان خاوەنی ٥ ھەزار و ٨٠٠ مزگەوت و ١٤٥ کەنیسە و ٤٠٠ شوێنی ئایینیی نێوان ھەموو ئایین و ئاینزاکانە، کە لە کابینەی نۆیەمدا پلانی تۆکمەی ئەندازیاری بۆ نۆژەنکرنەوەی ئەم شوێنانە داڕێژراوە و لە دیارترینیان نۆژەنکردنەوەی مەزارگەی سوڵتان مەزەفەرەدین لە شاری ھەولێر و مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ و مزگەوتی گەورەی سلێمانی و بنکەی لالش و چەندین جێگەی ترە لە شاری دھۆک، کە لەسەر ئەرکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی کوردستان نۆژەن کراونەتەوە.
ئەو ئەندامەی پێشووی فراکسیۆنی گردبوونەوەی گەلی کلدانی سریانی ئاشووریی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای کرد: پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان بووەتە کولتووری دەوڵەمەند و فەرھەنگێکی دەوڵەمەند لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی، پێکھاتە ئایینییەکان لە ناوچە کوردستانییەکان و ناوچەکانی عێراق ژیانیان لە مەترسیدایە، بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا، کریستیانەکان تووشی کێشە و گرفت دەبنەوە ئەوەش وای کردووە ژیانیان لە مەترسیدا بێت و دووبارە ئاوارە ببنەوە بۆ ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، کە بە پێچەوانەوە پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان مێژوویەکی دەوڵەمەندی ھەیە، بە ئازادانە دەژین، لەڕووی نەریتە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەڕووی کولتوورەوە، لەڕووی پەرەپێدانی ئازادی ئایین و عەقیدە و باوەڕیان ھەموویان لەو پەڕی ئازادیدا دەژین، بۆیە ڕەوشی پێکھاتەکان جگە لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق لە دۆخێکی خراپدایە و ھەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای پێکھاتەکان دەدرێت.
وەحیدە یاقو ھرمز، ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی گردبوونەوەی گەلی کلدانی سریانی ئاشووریی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: لە دەشتی نەینەوا بەتایبەتی لە حەمدانییە و تلسقۆف میلیشیاکان زۆرداری لە خەڵکی ئێمە لەو ناوچانە دەکەن، خانووەکانیان دەسووتێنن ھەر ئەوەش وای کردووە خەڵکی ئێمە لەو ناوچانە کە ئاوارە بوونە نەگەڕێنەوە و ھەر لە ھەرێمی کوردستان بژین، ئەو خەڵکەی کە لەو ناوچانە دەژین ئەوانیش لەبەر زۆری و زۆرداری میلیشیاکان خەریکە ئاوارە دەبن و دێنە ھەرێمی کوردستان، ئەوەش وا دەکات کە عێراق ھیچ کریستیانێکی لێ نەبێت و ھەموو ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە پێکھاتەکان لە سنووری عێراق ھەست بە نائارامی دەکەن و بۆ سەلامەتی گیانیان بەرەو ھەرێمی کوردستان دێن.
ئەو ئەندامەی پێشووی فراکسیۆنی گردبوونەوەی گەلی کلدانی سریانی ئاشووریی لە پەرلەمانی کوردستان، جەختی لەوەشکردەوە: پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان نموونەیە لە ھەموو جیھان، ڕێز لە ھەموو پێکھاتەکان دەگیرێت، ئەوەش بەپێی ڕێنمایەکانی سەرۆک بارزانییە کە مەرجەعە بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان، ھەموو پێکھاتەکان وەکو برا لە کوردستان دەژین، وەرەقەی سپی درایە دەستی ھەموو پێکھاتە ئایینییەکان و پێیان گوت ئێوە بە ئارەزووی خۆتان چیتان پێ باشە و داواکارییەکانتان چییە، بۆ ئەوەی مافیان پارێزراو بێت، بۆیە ھیچ جیاوازییەک لە نێوان ئۆل و نەتەوە ناکرێت و ھەموو پێکەوە کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان دەکەن، خەڵکی عێراق و وڵاتانی دیکە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان دەبن و ئەمن و ئەمان ھەیە و ھیچ مەترسییەک لەسەر ژیانی ئەوان نییە، کەس لە کوردستان ناپرسێت تۆ چ کەس و لایەن و پێکھاتەیەکی و ھەموو وەکو برا پێکەوە دەژین، ھەر ئەوەش وای کردووە کە جیھان بە چاوێکی دیکە تەماشای ھەرێمی کوردستان بکات.
ئەو ئەندامەی پێشووی فراکسیۆنی گردبوونەوەی گەلی کلدانی سریانی ئاشووریی لە پەرلەمانی کوردستان، زیاتر گوتی: حکوومەتی ھەرێم گرنگییەکی زۆر باشی بە پێکھاتەکانی کوردستان داوە، ھەر ئەوەش وای کردووە کە پێکەوەژیان ببێتە ناسنامەی ھەرێمی کوردستان و بەردەوام سەرکردەکانی جیھان سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و دڵیان بەو پێکەوەژیانە خۆش بێت کە لە کوردستان ھەیە، ئەو پێکەوەژیانەش لە ھەرێمی کوردستان خۆرسکانە گەشەی کردووە و وەزارەتێک ھەیە بەناوی کاروباری پێکھاتەکان بەردەوام بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانیان دەکات.
وەحیدە یاقو ھرمز، ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی گردبوونەوەی گەلی کلدانی سریانی ئاشووریی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان بووەتە خاڵێکی گرنگ و کاریگەر لە ئاستی دنیادا، ئەمەش وایکردووە لە زۆربەی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان، ھەرێمی کوردستان بانگھێشت بکرێت و بەچاوی ڕێزەوە لەم پێکەوەژیانە بڕوانن و لە ئاستی نێودەوڵەتی گرنگی بە ڕۆڵ و پێگەی کوردستان بدرێت، جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستووریانەی کە لە دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا پەسەند کراون، بەتایبەتی ماددەی ١٤٠، بۆ دەستەبەرکردنی چارەی کۆتایی کە گەرەنتی پاراستنی بوونی پێکھاتەکان بکات.