ڕۆژنامەی (کوردستان) یەکەمین ڕۆژنامەی کوردیمانە، کە لە (٢٢ی نیسانی ١٨٩٨) لەسەر دەستی (میقداد مەدحەت بەدرخان) لە قاهیرە دەرچوو، بۆیە ئەو ڕۆژە یەکێکە لە بیرەوەرییە هەرە گرنگ و پڕشنگدارەکانی کاروانی ڕۆژنامەگەری و کەلتووری نەتەوەییمان.
ئەو ڕۆژنامەیە لەو سەردەمەدا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە بوژانەوەی هەست و نەست و هۆشیاریی نەتەوەیی و ڕەخساندنی زەمینەی پەرەسەندنی هزر و هۆش و بیروباوەڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی (کوردستان) سەکۆیەکی نوێ و ئازاد بوو بۆ دەنگە دلێر و نیشتمانپەروەرەکان بۆ خزمەتکردنی کێشەی کورد و دۆزە ڕەواکەی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی و خستنەڕووی خواست و ویستەکانی وەک نەتەوەیەکی ستەملێکراو.
ڕێبازی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە و بەردەوام پشتیوان و پاڵپشتیکاری بزاڤی ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەوانان بووە و لە ڕیزی پێشەوەی داکۆکیکردن بووە لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەبڕین. هەروەها فەراهەمکردن و ڕەخساندنی زەمینەی کاری ڕۆژنامەوانی و هاندانی ئەو توێژە بۆ بەرەوپێشخستنی کارنامە و پلان و پڕۆژەکانیان لە ڕێگەی یاسایی و دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و و پاراستنی مافەکانیان.
لەم قۆناغەی ئەمڕۆشدا لە هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسا و ڕێساکانی کاری ڕۆژنامەوانی، پانتاییەکی بەرفراوانی ئازادی ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەربڕین فەراهەم کراوە و ڕێکخراوە لە ڕووی چاپەمەنی و بڵاوکردنەوە و هەموو بوارەکانی کاری ڕاگەیاندن.
بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە وێڕای پشتیوانیی تەواومان بۆ ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەریی، جەخت لەسەر ڕۆڵ و کار و ئەرکی ڕۆژنامەگەریی و دامودەزگە میدییاکان دەکەینەوە، کە بەرپرسانە و پیشەگەرانە کاری ڕۆژانەی خۆیان ئەنجام بدەن و ڕەچاوی بەرژەوەندییە باڵاکان و پرسە چارەنووسسازەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥