لە یادی ٢٠ ساڵەی دامەزراندنیدا، یەکەمین دیداری کوردیش گڵۆب بەڕێوەچوو

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ٤ی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و د.هێمن هەورامی و زاگرۆس فەتاح ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، پارێزگاری هەولێر، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پ.د.ک، و بەشێک لە بەرپرسانی حکوومی و حزبی و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک لە یادی ٢٠ ساڵەی دامەزراندنی (ڕۆژنامەی کوردیش گڵۆب)، یەکەمین دیداری ڕۆژنامەکەی بە ناونیشانی ( کوردیش گڵۆب، بیست ساڵ ڕاستگۆیی، ڕاڤە و کاریگەری)، بەڕێوە برد.

سەرەتای دیدارەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد) و بە سروودی نیشتمانی (ئەی ڕەقیب) دەستی پێ کرد.

لە گوتاری دەستپێکدا، د. نەزاکەت حوسێن، سەرنووسەری (ڕۆژنامەی کوردیش گڵۆب) ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕۆژنامەکە کرد لە ئاستی دەرەوە و سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کرد بۆ ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی پێشکەشی (ڕۆژنامەی کوردیش گڵۆب) دەکرێت.

د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، لە گوتەیەکدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانان، ئاماژەی بە ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد لەبارەی بەرەوپێشبردنی دۆخی ڕۆژنامەگەری و ئاماژەی بەوەدا وەک چۆن پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی یەکەمین ڕۆژنامەی بەردەوامی سیاسیی کوردییە، لەهەمان کاتدا ٢٠ ساڵ لەمەوبەر درکی بە گرنگی هەبوونی میدیای کوردی کردووە بە زمانی بیانی.

پاشان میوانان بینەری دۆکیۆمێنتارییەک بوون لەبارەی مێژوو، دیدگا و چالاکییەکانی (ڕۆژنامەی کوردیش گڵۆب)، دواتر تابلۆیەکی میوزیک لەلایەن (گرووپی جاز) پێشکەشکرا.

بەشێکی گرنگی دیدارەکە بەڕێوەچوونی پانێڵێک بوو بە ناونیشانی (ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان بە زمانی بیانی).
پانێڵەکە لەلایەن (جەواد قادر) بەڕێوەبردرا و، هەریەک لە خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان بە ناونیشانی (پەرەسەندنی ڕۆژنامەگەریی بە زمانی بیانی لە هەرێمی کوردستان) پڕۆفیسۆر تۆماس بە ناونیشانی (دۆخی ئێستای ڕۆژنامەگەری بە زمانی بیانی لە هەرێمی کوردستان وەک بەهێز و لاوازەکان)، مایکل جەی فیلیپس بە ناونیشانی (هەرێمی کوردستان چ ستراتیژیێک پەیڕەو بکات بۆ باشتر گەیاندنی چیرۆک و ئاستەنگ و دەرفەتەکانی بە ناوەندە ئەکادیمی و ڕۆژنامەگەرییەکانی جیهان) و سەلام عومەر بە ناونیشانی (ڕۆژنامەگەری بە زمانی بیانی چۆن یەکەم جار لە هەرێمی کوردستان سەریهەڵدا و چ فاکتەرێکی مێژوویی کاریگەری هەبووە لەسەر پەرەسەندنەکەی)، بەشداربوون لە پانێڵەکە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، سوپاس و ڕێزلێنان پێشکەشی پانێڵیستەکان کرا و میوانان چەپکە گوڵیان پێشکەشی (ڕۆژنامەی کوردیش گڵۆب) کرد.