هەڤاڵ ئەبوبەکر: بۆ پرۆژەی هەژماری من ملکەچی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانین

هەڤاڵ ئەبوبەکرد، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند: مەترسی وشکەساڵی بەشیوەیەکی گشتی لەسەر پارێزگای سلێمانی نەماوە، بەڵام هەندێک شوێن کێشەی نەبوونی تۆڕی ئاویان هەیە، هەر بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە ملیارێک و 500 ملیۆن دینار بۆ چارەسەری کێشەی ئەو شوێنانە تەرخان بکات.

سەبارەی بە پرۆژەی هەژماری من لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی نیسانی 2025، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: کەس لەژێر فشار فۆرم بە فەرمانبەر پڕ ناکاتەوە، بەڵکو ئەوەی هەیە، ڕێکارێکی ئیداریی ئەنجوومەنی وەزیرانە، پارێزگاریش ملکەچی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانە، نەوەک لایەنە سیاسییەکان.

هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: وشکە ساڵی بە ساڵێک بڕیاری لە بارەوە نادرێت، بەڵکو بە چەند ساڵێک بڕیاری لەبارەوە دەدرێت، پار ڕێژەیەکی باش باران لە سنووری پارێزگای سلێمانی باریووە، ئەمساڵیش لەو سنوورە مەترسی وشکە ساڵی نەماوە لەگەڵ ئەوەی سلێمانی یەکەیەکی کارگێڕی گەورەیە، ناوچەی گەرمیان و کوێستان و ناوچە تێکەڵەکانی هەیە، لە هەندێ ناوچە ڕووبەڕووی وشکەساڵی دەبینەوە، بۆیە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا داوامان کرد بوودجەیەکی فریاگوزاری خێرا بۆ سلێمانی دابین بکەن بە بڕی ملیارێک و 500 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی دانانی تۆڕی ئاو لەو شوێنانەی تا ئێستا نیانە بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ئاوی پاکیان پێ بگەیەنێت، بە سوپاسەوە هەر لە کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دابینکردنی ئەو بودجەیان دا.

لەبارەی پرۆژەی هەژماری منیش، پارێزگاری سلێمانی گوتی: لە سلێمانی هیچ ئیشێک بەزۆر بە کەس ناکرێت و هیچ شتێک لە سلێمانی بەزۆر ناچێتە سەر، ئەمانە ڕێکاری دارایی و کارگێڕی و یاسایین، ئێمە کار لەسەر ئەو نووسراوانە دەکەین کە لە ئەنجوومەنی وەزیران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی داراییەوە بۆمان دێت، گوێ لە هیچ لایەنێکی سیاسی، هیچ شوێنێکی دیکە، هیچ حکوومەتێکی دیکە لەبارەی ئەو بابەتەوە ناگرین.