ڕائیب جادر – هەولێر
لە سنووری قەزای مێرگەسۆر ٢٥٠ شوێنی شوێنەواری تۆمار کراون، بە سەدان شوێن و کەلوپەلی دیکەش ماون تۆمار بکرێن، بەرپرسی فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر، دەڵێت: کار دەکرێت بۆ ئەوەی دیزاینی مۆزەخانەی شانەدەر ئامادە بکرێت. دەشڵێ: ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ کە لە ئەشکەوتەکە دۆزراوەتەوە، دەگەڕێندرێتەوە ھەرێمی کوردستان و لە شوێنێکی پارێزراو دادەنرێت.
سۆران ئەمیر، بەرپرسی فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: یەکێک لەو شوێنەوارە گرنگانەی سنوورەکەمان کە کاری کنەو پشکنینی تیادا کراوە، ئەشکەوتی شانەدەرە دەکەوێتە زنجیرە چیایی برادۆست لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، ئەم ئەشکەوتە بە یەکێک لە کۆنترین و گەورەترین ئەشکەوت دادەنرێت و یەکەمینجار لە ساڵی ١٩٥١ تا ١٩٦٠ تیمێکی ئەمەریکی بە سەرپەرشتی شوێنەوارناس ڕالف سۆڵکی کاری تێدا کراوە و دوای ئەویش تیمێکی دیکەی زانکۆی کامبریجی بەریتانی بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر گرایم بارکر کاری کنەو پشکنین لەو ئەشکەوتەدا کرا، دواتریش چەندین تیمی دیکەی شوێنەواری کاریان لەو ئەشکەوتەدا کردووە و ئەنجامی باشی ھەبووە، بەتایبەتیش دۆزینەوەی ئێسکە پەیکەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتەکەدا کە لە ناوخۆ و دەرەوە دەنگدانەوەی باشی ھەبووە.
بەرپرسی فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر، دەشڵێ: ئەشکەوتی شانەدەر یەکەم شوێنی شوێنەوارییە لە کوردستان کە زۆرترین گەشتیار سەردانی بکەن، بۆ ئەو مەبەستە وەک فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر، بە ھەماھەنگی قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار لەگەڵ زانکۆی کامبریجی بەریتانی، کار لەسەر ئەوە دەکرێت لە قۆناغی یەکەم بتوانین دیزاینی مۆزەخانەی شانەدەر ئامادە بکەین، خۆشبەختانە کاری زۆر باش کراوە، لەکاتی گەڕانەوەی تیمی زانکۆی کامبریجی بەریتانی لە وەرزێکی نوێی کارکردنیان، بۆمان دەردەکەوێت دیزاینی مۆزەخانەی شانەدەر لە چ قۆناغێک دایە، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران بۆ ئەوەی بێن سەردانی مۆزەخانەکە بکەن و لە نزیکەوە کەلوپەلە شوێنەوارییەکانی ئەشکەوتی شانەدەر ببینن، ھەروەھا بڕیارە ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ کە لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە، بگەڕێندرێتەوە ھەرێمی کوردستان و لە شوێنێکی پارێزراو دادەنرێت.