دیداری منداڵ بۆ تەندروستی و ژیان بەڕێوەچوو

ئەمرۆ یەکشەممە 2025.4.20، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.دلۆڤان محمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە پەرلەمانتار و مامۆستایانى زانکۆ و پزیشك و پسپۆڕانی منداڵان، بە ئامانجی گرنگیدانی زیاتر بە منداڵ و بەرەوپێشبردنی هەموولایەنەكانی ژیانی منداڵ، دیداری منداڵان بۆ تەندروستی و ژیان بەڕێوەچوو.
لە دیدارەکەدا، چەندین پرس و بابەتى زانستیى لە بارەى لایەنەكانی ژیانی هەموو ئەوكەسانەى كە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵیدایە و دیاری كردنی كێشە و گرفتەكان، دروستكردنی پێوەندی بەهێز لە نێوان لایەنی تەندروستی و پەروەردەییەکان تاکو زۆرترین سوود بە تەندروستی و پەروەردەی منداڵ بگەیەنرێت، لەلایەن پسپۆڕ و شارەزایان خرایە بەرباس و گفتوگۆ.
لەوبارەیەشەوە، پارێزگارى هەولێر وێڕاى دەست خۆشى بۆ ڕێکخەران و سەرپەرشتیارانى دیدارەکە، هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن و ئومێدى کرد ئامانجى ئەو دیدارە کە ناساندن و پیشاندانی منداڵ وەك چینێكی گرنگی ناو كۆمەڵگە و دواڕۆژی وڵاتی لەسەر بەندە ببێتە بنەمایەکى زانستى و سوودى بۆ کۆمەڵگاکەمان هەبێت.
جێگەى باسە، ” دیداری منداڵان بۆ تەندروستی و ژیان ” دیدارێکی ساڵانەی تایبەتە و دەربارەی هەموو سێکتەرەکانی ژیانی منداڵ دەدوێت، پێکبەستنی نێوان تەندروستی ، پەروەردە ، لایەنی ئاینی ، کۆمەڵایەتی و تێکڕای لایەنەکانی تری ژیانی منداڵ و کۆمەڵگایەن بۆ یەكەم جاریش لە ساڵی 2021 لە هەولێرى پایتەخت یەکەمین دیدار بەڕێوە چوو.