مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان:لە کۆبوونەوەی داهاتوو دەچینە ناو وردەکاری زیاتر بۆ پێکهێنانی حکوومەت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ڕۆژی سێ شەممە ھەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام، کۆبوونەوە، ھەردوو شاندەکە ڕایدەگەیەنن، کۆبوونەوەکە لەبارەی پێکھێنانی حکوومەت، ھەنگاوی ئیجابی و بەرەوپێشچوونی باش ھەبووە و باس لە دابەشکردنی پۆستە حکوومییەکان کراوە. مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: لە کۆبوونەوەی داھاتوو دەچینە ناو وردەکاری زیاتر بۆ پێکھێنانی حکوومەت.

سەرۆک بارزانی لە کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو لە میانی بەشداریکردن لە پێشانگەی کتێب لە ھەولێر، داوای لە پارتی و یەکێتی کرد پەلە بکەن لە ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکوومەت.
پارتی و یەکێتی لە ڕاگەیەنراوێکی ھاوبەشدا جەختیان لەوە کردووەتەوە کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانە و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو و گفتوگۆ لەبارەی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرا. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوە ھاوبەشەکە، گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی ئیجابی و بەرەوپێشچوونی باش ھەبووە، باس لەوەش کراوە لە ڕۆژانی داھاتوودا کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن. بەگوتەی ئەندامانی شاندی دانوستانکاری پارتی، لەگەڵ یەکێتی زۆر نزیکین لە ڕێککەوتن، تێڕوانینی ئێمە ئەوەیە حکوومەتێک پێک بھێنین لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بێت. مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە لەگەڵ یەکێتی زۆر دۆستانە بەڕێوەچوو، لە دوو ڕۆژی داھاتوودا کۆبوونەوەیەکی دیکە لە سلێمانی دەکەین، لە کۆبوونەوەی داھاتوو دەچینە ناو وردەکاری زیاتر بۆ پێکھێنانی حکوومەت، ھەردوولا دەمانەوێت ئەو حکوومڕانییەی پێویستە لە کوردستان ھەبێت، دابەشکردنی پۆستەکانیش بۆ لێژنەکان بەجێدەھێڵین.
دابەشکردنی پۆستەکان بەشێوەی جیاجیا دەکرێت، سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتە سیادییەکان، وەزارەتە خزمەتگوزاری و ھونەرییەکان، لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەی وەک فەرمانگەکان بە جیا دابەش دەکرێن، بۆ ئەوەی ھیچ شتێک نەمێنێتەوە کە لایەنێک بڵێت لە گفتوگۆکاندا باس نەکراون.
ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو کرا، بەپێی ئەنجامی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەم ٣٩ کورسیی بەدەست ھێنا، دوای پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی، پارتی دەستی کردووە بە گفتووگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان و چەند جارێک لەگەڵ یەکێتی کۆبۆتەوە. بەو پێیەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان حیزبی یەکەمە ئەرکی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی لە ئەستۆدایە، بۆیە پێوستە ھەر حزب و لایەنێکی بەشداربوو بەپێی ژمارەی کورسییەکانی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام سەردانی گشت ھێزولایەنە کوردستانییەکان دەکات بۆ گفتوگۆ لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی نوێی و ستراتیژی سەرەکیشی بۆ بۆچوونی سەرۆک بارزانی لە کاتی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان بۆ یەک ھەرێم، یەک پەرلەمان و یەک حکوومەت، یەک ھێزی پێشمەرگە، کەئەمەش خۆی لە خۆیدا لە پێناو بەرژوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستانە و، گرنگە بەشداریکردن لە حکوومەتی نوێ لەو چوارچێوەیە دا بێت، نەک ئەوەی چەند کورسی ھەبێت ھەمان داواکاری گەورترین حزبی ھەبێ، گرنگ و پێوستە بەشداریکردن لە حکوومەت بەکردار و خزمەت بێ نەک بە ڕۆژ لە نێو حکوومەت بی و بە شەویش خۆت بکەیت دژبەر و ئۆپۆزسیۆن و خۆ ئەگەر بەشێوەی ڕابردوو بێت ئەوە دیسان بەربەست و ئاستەنگ لە بەردەم کارەکانی حکوومەتی نوێ دروست دەبێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ڕابەرایەتی پێکھێنانی کابینەی نوێ دەکات، چەندین جار ئەوەی ڕاگەیاندووە مەرجی پارتی بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشدار بن لە کابینەی نوێ، بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەیە، واتە ھەر لایەنێک لە نێو حکوومەت بێت نابێت لە ژێرەوە خەریکی دژایەتی کردنی حکوومەت بێت و ھەوڵی لاوازکردنی بدات، بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، ئەم مەرجەی پارتی لە ئەزموونی کابینەی ڕابردووەوە سەرچاوەی گرتووە، کاتێک حکوومەتی ھەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و بەربەستی تر ھاتەوە لایەنە بەشداربووەکان بێ گوێدانە ئەوەی لە حکوومەت بەشدارن وەکو ئۆپۆزسیۆن مامەڵیان لەگەڵ پرسەکاندا دەکرد.
د. نەوزاد حوسێن، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: سەرۆک بارزانی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە ھەولێر جەختی لە پێویستیی پەلەکردن لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردەوە پشتیوانیی سەرۆک بارزانی پشتوانییەکی گەورەیە و پێویستە پارتی و یەکێتی پەلە لە پێکھێنانی حکوومەت بکەن، چونکە کوردستانیان کە دەنگیان داوە بۆ ئەوە بووە کە حکوومەتی نوێ پێک بێت و زیاتر خزمەتی ئەوان بکات، لە ھەمان کاتدا بۆ ئەوەی کاتێک کابینەی دەیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێک دێت، کوردستان چەند بەھێزە بەھێزتر بێت و بەسەر ھەموو ئەو کێشە و گرفتانە سەرکەوێت کە ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان دەبنەوە، ھەروەھا پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا باشتر دەکات، ئەوەش وا دەکات کە کێشەکان چارە بن.
دەشڵێ: دەبێت گشت ھێزولایەنەکان ڕەچاوی ھەڵومەرجی ناوچەکە و ھەستیاری ڕەوشەکە بکەن و لە نزیکترین کاتدا حکوومەتی نوێ پێکبھێنن، چونکە گرنگە خاوەن حکوومەتێکی بەھێز و یەکدەنگ و تەبابین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەموو ئەگەرەکان لە پێناو بەرگری لە مافەکان و ئەزموونی دیموکراسی کە ئەمڕۆ ھاتۆتە ئاراوە.
جەبار شێرزاد، ئەویش کە چاودێری سیاسییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پێکھێنانی کابینەی نوێ ڕووداوێکی گرنگ و ستراتیژییە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ھەرێم دەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی بە دۆخێکی ئالۆز گوزەر دەکات، ھەر لەبەر ئەوەش گرنگە کابینەی نوێ لە ماوەیەکی نزیکدا پێک بێت، وێڕای ئەوەی خزمەتگوزای باشتر پێشکەشی خەڵک دەکات، لە ھەمان کاتدا کاریگەری زۆر باشی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، کە بە دڵنیایەوە ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی خەڵک و فەرمانبەر و مووچەخۆری کوردستانەوە دەبێت، لەلایەکی دیکەشەوە لەڕووی دەرخستنی ئەو کۆمەڵە ڕێساو یاسایانەی کە لە پەرلەمانی عێراقەوە دەردەچێت و ھەروەھا باشتر کردنی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵک.
جەختی لەوەشکردەوە: ئاشکرایە تادێت ڕەوشی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست زیاتر ناسەقامگیری و بەرەو گۆڕانکاری و پێشھاتی نوێی ھەنگاو دەنێت، بۆ ئێمەی گەلی کورد کە دەیان ساڵە لە ژێر ستەمکاری و زۆرداری داگیرکەران و ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقین بە ئێستاشەوە کە لەلایەن ھەندێک لایەنی شۆڤێنی دژایەتیکردنی و ئازاردان بەرامبەر بە کوردستان درێژەی ھەیە، دەخوازێت ئەزموونی ڕابردوومان بکەینە وانەیەکی باش و قۆناغی ئێستامان دەخوازێت تەنھا بیروئامانجمان بەرژوەندییە باڵاکانی گەلی کورد و پارێزگاریکردن بێت لە قەوارەی دەستووری و یاسایی و فیدراڵیی ھەرێمی کوردستان.