پزیشکێکی کورد بانگهێشتی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی دەکرێت لە ژاپۆن

بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، پزیشکێکی کورد بانگهێشتی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی دەکرێت لە وڵاتی ژاپۆن.

دکتۆر باهۆز هیمداد بە فەرمی بانگهێشت کرابوو بۆ بەشداریکردن لە (سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی گەشەپێدراوی ددان و تەندروستی دەم) کە لە ١٤و١٥ـی نیسان لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن بەڕێوە چوو.
پزیشکانی کورد ساڵانە بەشدای کارایان هەیە لە کۆنفرانسە زانستییە نێودەوڵەتییەکاندا بەڵام ئەوەی جێی شانازییە ئەوەیە کە ئەمە یەکەمین جارە پزیشکێکی کورد وەک قسەکەر بانگهێشتی کۆنفرانسێکی لەو شێوەیە بکرێت تا لەسەر نوێترن و پێشکەوتووترین تەکنیکەکانی بوارەکە وتار و سیمینار پێشکەش بە ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە بکات.
ئەم کۆنفرانسە زانستییە گەورەیە پسپۆڕان و پزیشکانی بوارەکەی لە سەرتاسەی جیهانەوە کۆکردووەتەوە بۆ بەشداریکردن و بوون بە بەشێک لە نوێکاری و داهێنان لە بوارەکەدا. بەشداریکردنی پزیشکێکی کوردیش لە کۆنفرانسێکی لەو شێوەیەدا نەک تەنها لەسەر ئاستی کوردستان بەڵکو لەسەر ئاستی عێراقیش سەرکەوتنێکی گەورەیە.
دکتۆر باهۆز ئاماژەی بەوە کرد کە جێی شانازییە بۆ من وەک کوردێک لەسەر نوێترین و پێشکەوتووترین چارەسەری پزیشکی دەموددان وتار و سیمینار پێشکەشی ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە بکەم.
جێی باسە ئەم کۆنفرانسە بۆ سێیەمین ساڵە ڕێک دەخرێت کە یەکەم کۆنفرانسی لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا و دووەمیان لە ڕۆمای ئیتاڵیا بەڕێوە چووبوو؛ سێیەمیشیان کە ئەمساڵ بوو لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن بە بەشداریی ٢١ پزیشک و توێژەی ژاپۆنی و نێودەوڵەتی بەڕێوە چوو کە تێیدا نوێترین تەکنەلۆجیا و توێژینەوەی تەندروستی دەربارەی دەموددان خرایە ڕوو.
محمد لادێ – هه‌‌ولێر