مەسرور بارزانی: هیوادارین بتوانین لە ماوەیەکی کورتدا حکوومەت پێک بهێنین

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوادەخوازێت تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە حکوومەتی نوێ پێک بهێنرێت. دەشڵێت: سلێمانی شاری خۆمانە. 

کاتژمێر 02:15 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-04-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە نۆیەمین دیداری سلێمانی و بەشداریی گفتوگۆیەکی تایبەت دەکات.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کاتی گەیشتنی بۆ زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی کە دیدارەکە تێیدا بەڕێوە دەچێت، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: “ڕێز و سڵاومان بۆ سلێمانی هەیە، شاری خۆمانە.”

لە وەڵامی پرسیاری “ئەمڕۆ لە دیداری سلێمانی باس لە چی دەکەن؟” مەسرو بارزانی گوتی: “من نازانم، لەسەر پرسیارەکان دەمێنێت. نازانم پرسیارەکان چۆن دەبن.”

مەسرور بارزانی کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لەبارەی گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، ڕایگەیاند “ئێستا شوکر بۆ خوا گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی باش بەڕێوە دەچن، بەڵام هیوادارین بتوانین لە ماوەیەکی کورتدا، حکوومەت پێک بهێنین. ئیتر با چاوەڕێ بین.”

ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری لە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کرد “تاوەکوو کۆتایی مانگی چوار حکوومەتی نوێ پێک دەهێنرێت؟” ئەویش لە وەڵامدا گوتی: “هیوادارم.”