مەسرور بارزانی: پێویستە پێش هەڵبژاردنی عێراق حکوومەتی نوێ پێک بهێنرێت

ئەمڕۆ سێشەممە 4/15، مەسروور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌ شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتیی ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا.

هەردوولا جەختیان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم لە زووترین کات و بەر لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق كرد.

هەروەها هاوڕابوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە نابێت پرۆسەکە چیتر دوا بکەوێت، چونکە زیانێکی زۆری بە داهات و بودجەی گشتیی فیدراڵی گەیاندووە.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە گرنگیی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی و دەستووریی هەرێمی کوردستان کرایەوە.