داوا دەکرێ عێراق ببێته‌ ئه‌ندامی دادگای نێوده‌وڵه‌تیی تاوان

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

تا ئەم ساتە عێراقی فیدراڵی لە دادگای نێودەوڵەتیی تاوان ئەندام نییە و ئەگەر ئەندامێتیی لەو ڕێکخراوە هەبووایە ئەوا بۆ گەلی کورد کە قوربانییەکی سەرەکیی تاوانی جینۆسایدە زۆر باشتر دەبوو. عێراقی فیدراڵ جگە لەوەی کە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالی نەکردووەتەوە بۆ خۆدزینەوە لە هەندێک بەرپرسیارێتی ئامادە نەبووە ببێتە ئەندامی ئەو دادگا نێودەوڵەتییە.

رۆژی دووشەممە لە سی و حەوتەمین ساڵوەگەڕی تاوانەکانی جینۆساید و ئەنفال لە دژی گەلی کورد، تۆڕی هاوپه‌یمانی ڕێكخراوه‌ كوردستانییه‌كان له‌ پێناو دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی، له‌ پێناو دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی تاوانی له‌م چه‌شنه‌ له‌ کوردستان داوای کرد عێراق ببێته‌ ئه‌ندامی دادگای نێودەوڵەتیی تاوان کە بە ICC ناسراوە.
تۆڕەکە نووسیویەتی ”ئه‌گه‌ر ئه‌م داواكارییه‌ی ئێمه‌ كه‌ بیست ساڵه‌ دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌ جێبه‌جێ کرابا، ئێستە دۆسیەی تاوانه‌كانی شە‌نگال و شارو شارۆچكه‌كانی دیكه‌ كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ڕوویان دا به‌ سانایی دەگەیشتنە دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی و له‌ ئاستی جیهانیدا ئه‌و تاوانانه‌ به‌ جینۆساید ده‌ناسێنران و بكه‌رانی سزای خۆیان وه‌رده‌گرت، یان له‌وانه‌یه‌ هه‌ر ڕوویان نه‌دابا و ڕێگاش له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌یان دەگیرا.”
ئەوان لە کۆتایی پەیامەکەیاندا داوایان کردووە به‌ زووترین كات عێراق په‌یماننامه‌ی ڕۆما واژۆ بكات و په‌یوه‌ست بێت به‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌و ببێته‌ سەد و بیست و پێنجه‌مینی وڵاتی ئه‌ندام له‌ ICC .
تۆڕەکە ساڵانە داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەن کە عێراق ببێتە ئەندانی دادگای نێودەوڵەتیی تاوان بۆ ئەوەی بە پراکتیک دژی ئەم جۆرە تاوانە ڕێکخراوانە بوەستێت و ڕێ لە دووبارەبوونەوەیان بکات بەڵام عێراق هەنگاوی لەم بارەیەوە نەناوە.
بارەگای سەرەکیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوان لە لاهای هۆڵەندایە، ساڵی ٢٠٠٢ بە مەبەستی لێپێچینەوە لە تاوانی جەنگ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی، جینۆساید و تاوانی دەستدرێژیی دامەزراوە، ئەگەر وڵاتانی ئەندام نەتوانن یان ئامادە نەبن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی هەنگاو بنێن، ئەوا دادگاکە بەم کارە هەڵدەستێت. ئەم دادگایە دەتوانێت لەسەر ئەو تاوانانە، کە لەلایەن هاوڵاتی سەر بە وڵاتانی ئەندامیەوە یان تەنانەت لە خاکی ئەو وڵاتانەدا لەلایەن کارەکتەرەکانی دیکەوە کراون هەڵوێست بگرێت.
ئەم دادگایە ئۆرگانێکی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان نیە و دەوڵەتان دادگایی ناکات، بەڵکو تاکەکان و بکەرانی تاوانەکان دادگایی دەکات. ئێستە سەد و بیست و چوار وڵاتی جیاوازی جیهان تێیدا ئەندامن و نوێترین وڵات کە لەم دادگا نێودەوڵەتییەدا بە ئەندام وەرگیراون بریتین لە وڵاتانی ئەرمینیا و ئۆکراینا.
جێی باسە لە کۆتایی دەیەی هەشتای زایینی ڕژێمی بەعس بە پیلانێکی داڕێژراو دەستی بە جێبەجێکردنی تاوانی کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی گەلی کورد کرد کە هەشت قۆناغی لەخۆگرت. لە ئاکامی ئەو تاوانە دژە مرۆییەدا، سەرووی سەد و هەشتا و دوو هەزار کەس ئەنفال و بە هەزاران گوند وێران کران. تاوانێک کە دوای سی و حەوت ساڵ لە تێپەڕینی نە بکەرانی بە تەواوی سزا دراون و نە قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان کراوەتەوە و هێشتا دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق خۆی نەخستووەتە ژێر بەرپرسیارێتیی ئەو تاوانە گەورەیەی بەرامبەر بە کورد کراوە.
دەوڵەتی فیدراڵی و دام و دەزگاکانی تەنیا لە چوارچێوەی قسە و دروشمدا هاوسۆزییان بۆ کورد دەربڕیوە و هەنگاوی پراکتیکییان نەبووە. یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی کەسوکاری ئەنفال ئەوە بووە ئەو کەسانە سزا بدرێن دەستیان لە ئەنفالدا هەبووە و بە ئەرکی حکوومەتی عێراقی دەزانن قەرەبووی ئەو تاوانە گەورەیە بکاتەوە و دۆسیەکەش لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بجووڵێنێت.